Nuri Aydın
14 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2024
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە و گوێچکەی بریندار بوو، چووە ڕیزی ئەو سەرۆک و کاندیدی سەرۆکانەی لە مێژووی وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
لە کاتێکدا ئەو هێرشە چەکدارییەی ڕۆژی شەممە کە لە میانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە پێنسیلڤانیا ڕوویدا و تیایدا سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ترەمپ بریندار بوو، نیگەرانییەکانی لە بارەی توندوتیژی لەو وڵاتە زیاد کردووە و، ئەو هێرش و هەوڵی تیرۆرکردنانەی وەبیری خەڵک هێنایەوە کە کراونەتە سەر سەرۆک و کاندیدانی سەرۆکایەتی لەو ولاتەدا.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ترەمپ، کە یەکێکە لە کاندیدانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی پێنجی تشرینی دووەم، لە کاتێکدا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە پێنسیلڤانیا گوتاری پێشکەش دەکرد، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە.
لە کاتێکدا ترەمپ لە هێرشەکەدا بریندار بوو، ئەنجامدەری هێرشەکەش کە کەسێکی ٢٠ ساڵان بوو، کوژراوە، کەسێکی نێو کۆبوونەوە جەماوەرییەکەش گیانی لەدەستدا.
- لە ئەمریکا چوار سەرۆک لە ئەنجامی هەوڵی تیرۆرکردن گیانیان لەدەستداوە
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، ئەبراهام لینکۆڵن و هاوسەرەکەی ماری تۆد لینکۆڵن، لە ١٤ی نیسانی ١٨٦٥دا، لە میانی بەشداریکردنیان لە نمایشێکی تایبەتی یاری کۆمیدی بەناوی "ئامۆزای ئەمریکیمان" لە واشنتۆن، ڕووبەڕووی تیرۆرکردن بوونەوە.
لینکۆڵن دوای یەک ڕۆژ لە هێرشەکە گیانی لەدەستدا و، بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە کوژرابێت.
پێش دوو ساڵ لە تیرۆرکردنی و لە سەروبەندی جەنگی ناوخۆییدا، لینکۆڵن بەڵگەی ئازادی بڵاوکردەوە کە دان دەنێت بە ئازادی ئەو کۆیلانەی لە ناو کۆنفیدراسیۆندا بوون، بەوەیش پشتیوانیکردنی لە مافی ڕەشپێستەکان وەک هۆکاری کوشتنەکەی خرایەڕوو.
دووەمین سەرۆکی ئەمریکاش کە بووە قوربانی تیرۆر، جەیمس گارفیڵد بوو لە دووی تەمووزی ساڵی ١٨٨١دا.
جەیمس گارفیڵد کە ماوەی شەش مانگ بوو لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکادا بوو، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە.
سێیەمین ڕووداوی تیرۆرکردنی سەرۆک لە ئەمریکا لە شەشی ئەیلوولی ساڵی ١٩٠١دا کرایە سەر ٢٥هەمین سەرۆکی وڵاتەکە کە ویلیام مکینلی بوو.
ویلیام مکینلی دوای پێشکەشکردنی گوتارێک لە نیویۆرک، لە کاتی تەوقەکردن لەگەڵ خەڵکەکە، تەقەی لێکرا.
کۆتا ڕووداوی تیرۆری سەرۆکی ئەمریکا کە کوژرانی سەرۆکەکەی لێکەوتەوە لە مانگی تشرینی دووهەمی ساڵی ١٩٦٣دا بوو کە تیایدا جۆن ئێف کەنەدی کوژرا.
جۆن ئێف کەنەدی و هاوسەرەکەی جاکلین کەنەدی بەیەکەوە لە میانی سەردانییکردنیان بۆ داڵاس ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بوونەوە.
کەنەدی لە دوای ماوەیەکی کەم لە گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
- ئەو سەرۆکانەی ئەمریکا کە لەو هێرشانەی کراوەتە سەریان ڕزگاریان بووە
تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت کە یەکێکە لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا، لە میانی بەڕێوەچوونی کەمپینی خولی دووەمی سەرۆکایەتییدا کرایە ئامانج.
ڕۆزڤێڵت لە میانی کەمپینی هەڵبژاردندا کە بۆ جاری دووهەم کاندید بوو، لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩١٢دا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە میلواکی ڕووبەڕووی هێرش بووەوە و، گوللە بەر سنگی کەوت و بە برینداری ڕزگاری بوو.
لە ڕۆژی پێنجی ئەیلوولی ١٩٧٥دا، ٣٨هەمین سەرۆکی ئەمریکا، جیراڵد فۆرد ڕووبەڕووی هەوڵی کوشتن بووەوە.
هەمان ساڵ و لە چەند هەفتەیەکدا جیراڵد فۆرد ڕووبەڕووی دوو هەوڵی کوشتن بووەوە و، بەبێ هیچ زیانێک ڕزگاری بوو.
جیراڵد فۆرد لە یەکەم هەوڵی کوشتندا، بەهۆی کار نەکردنی چەکی بکوژەکە ڕزگاری بوو، لە ٢٢ی ئەیلوولیشدا لە سان فرانسیسکۆ لە هەوڵی دووهەمی کوشتن ڕزگاری بوو.
لە ئاداری ساڵی ١٩٨١دا، ٤٠هەمین سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆناڵد ڕیگان دوای پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە ڕێوڕەسمێکدا لە واشنتۆن و ڕۆیشتنی بەرەو کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارییدا بریندار بوو.
لە ساڵی ٢٠٠٥دا، ٤٣هەمین سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بۆش لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە تبلیسی پایتەخت لەگەڵ سەرکۆماری جۆرجیا میخائیل ساکاشڤیلی، بۆمبێکی دەستکردی ئاراستە کرا، بەڵام بەهۆی نەتەقینەوەی بۆمبەکە بۆش ڕزگاری بوو.
- کاندیدانی سەرۆکی ئەمریکا بوونەتە ئامانجی هێرشەکان
لە ئەمریکا کە ناو بە ناو توندوتیژی چەکداریی ڕوو دەدات، لە پاڵ سەرۆکەکاندا کاندیدانی سەرۆکیش دەکرێنە ئامانج.
وەزیری دادی پێشووتری ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆک، ڕۆبێرت ئێف کەنەدی، بەهۆی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی کالیفۆرنیادا لە ساڵی ١٩٦٨دا، دوای چەند خولەکێک لە پێشکەشکردنی گوتاری سەرکەوتن لە لۆس ئانجلس ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری بووەوە و کوژرا.
ڕۆبێرت ئێف کەنەدی، برای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆن ئێف کەنەدی بوو کە پێش پێنج ساڵ لەو ڕووداوە کوژرابوو.
لە ساڵی ١٩٧٢شدا، حاکمی پێشووتری ئالاباما و کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج واڵاس، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە.
واڵاس لە میانی کەمپینێکی هەڵبژاردندا لە ماریلاند، ڕووبەڕووی ئەو هێرشە چەکدارییە بووەوە کە بەهۆیەوە ئیفلیج بوو.