Mesut Zeyrek
02 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2021
ستۆلبێرگ - AA
سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ھەفتە بەسەر کارەساتی لافاوەکەی ١٥ی تەمووزی ھەرێمەکانی راینلاند-پلاز و باکووری-راین ڤێستفالیا لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، ھێشتا ئاسەوارەکانی لافاوەکەنە نەسڕاوەتەوە.
ھێشتا چەند ناوچەیەکی شاری ستۆلبێرگ کە زیانێکی گەورەی بەھۆی لافاوەکەوە پێگەیشتووە، خزمەتگوزارییەکانی غاز، کارەبا، تەلەفۆن و ئینتەرنێتى بۆ نەگەڕاوەتەوە و کێشەکانی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ چارەسەر نەکراوە.
- زیانێکی گەورە بەر مزگەوتەکە کەوتووە
مزگەوتی ئەحمەد یەسەوی لە ستۆلبێرگ، کە سەربە یەکێتیی تورک ئیسلاميی سەرۆكايەتى کاروباری ئایینیى توركيايە، بەھۆی لافاوەکەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و دوکان و شوێنکاری کاسبکارانی شارەکە کە زۆربەیان تورکن بەتەواوەتی لە ناوچووە.
کارمەندى مزگەوتی ئەحمەد یەسەوی، یوکسەل چان لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد كە لە ئاکامی ھەڵچوونی ئاوی چەمەکەی پشت مزگەوتەکەیانەوە تەواوی شەقامەکان لەگەڵ چەمەکەدا بوون بە یەک و بووە ھۆی زیان گەیاندن بە مزگەوتەکە.
یوکسەل چان ئەوەشی راگەیاند کە نزیکەی ١٣٠ ھەزار یورۆ زیان بەر مزگەوتەکەیان کەوتووە و گوتی: "بە تایبەتی ژێرزەمین و نھۆمی ھاتنەژوورەوەی مزگەوتەکەمان ژێرئاو کەوت. ئەو شتومەکەی لێرەدا بوو، سستەمی ئەلیکترۆنی و سستەمی ساردی و گەرمی بە تەواوەتی لە کار کەوتوون. بۆ ماوەی نزیکەی دوو ھەفتە ئاومان نەبوو. تا ئێستاش ھێشتا سستەمی غازيمان کار ناکات".
- "لە کۆی ٤٠٠ شوێنکاری بازاڕەکە یەک شوێنکار بە سەلامەتی دەرنەچوو".
موراد یوردسەڤەر کە ماوەی ١٠ ساڵە لە ستۆلبێرگ نانەواخانەی ھەیە، لافاوەکە شوێنی کارەکەی ئەویشی بەتەواوەتی تێکداوە.
موراد یوردسەڤەر گوتی: "ئەو رۆژە تاکو کاتژمێر شەشی ئێوارە کارم دەکرد، لە پڕا ئاو ھات. لەگەل بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە بۆ نھۆمەکانی سەرەوە ھەڵاتین. بە درێژایی شەو لە ماڵ ماینەوە. لە شەودا ئاستی ئاوەکە زیاتر بوو. سبەی تەماشامان کرد، ھیچ شتێک نەمابوو، تەواوی شوێنکارەکەمان کەوتبوویە ژێرئاو. لەکۆی ٤٠٠ شوێنکاری بازاڕەکە یەک شوێنکار بە سەلامەتی دەرنەچووە".
موراد یوردسەڤەر، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بە بەهای نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھەزار یورۆ زیانیان بەرکەوتووە.