Betül Yürük
07 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2020
دێلاوێر- AA
کاندیدی پارتی دیموکرات بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ویلایەتی دێلاوێر روونکردنەوەیەکی نوێی لەبارەی هەڵبژاردنەکان دا و ئەوەی خستەڕوو کە بە بەدەستهێنانی ٧٤ ملیۆن دەنگ، زۆرترین دەنگی لە مێژووی ئەمریکادا بەدەستهێناوە، هەروەها یەکەم کاندیدی پارتی دیموکراتە کە دوای ٢٤ ساڵ لە ویلایەتی ئاریزۆنا و دوای ٢٨ ساڵ لە ویلایەتی جۆرجیا سەرکەوتنی بەدەست هێنابێت.
بایدن جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوامی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان سەرکەوتنی خۆی نیشان دەدات و رایگەیاند: "بەرەو بەدەستهێنانی ٣٠٠ کورسی نوێنەرایەتی لە پێشڕەویداین".
ناوبراو داوای لە لایەنگرانیشی کرد ئارامی بپارێزن و گوتی: "دیموکراسی لە کاردایە و دەنگەکانتان هەژمار دەکرێن. ئەگەر هەوڵی وەستاندنی پرۆسەکەی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بدەن من رێگەیان پێنادەم".
جێی ئاماژەیە تا ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنی ویلایەتەکانی پەنسلڤانیا، کارۆلینای باکوور، جۆرجیا، ئاریزۆنا، نێڤادا و ئالاکسا یەکلایی نەبوونەتەوە، بەڵام لە کارۆلینای باکوور و ئالاسکا، دۆناڵد ترەمپ لە پێشەوەیە و لە پەنسلڤانیا، نێڤادا، ئاریزۆنا و جۆرجیا، ژمارەی دەنگەکانی جۆ بایدن زۆرترە.
بەگوێرەی ئەو دەنگانەشی تا ئێستا جیاکراونەتەوە، جۆ بایدن ٢٥٣ کورسی نوێنەرایەتی و دۆناڵد ترەمپ ٢١٤ کورسی نوێنەرایەتی بەدەستهێناوە، هەر کام لە کاندیدەکان بتوانێت ٢٧٠ کورسی بەدەست بهێنێت دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.