Tuğçenur Akgün
09 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2023
نیویۆرک – AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بە ئاماژەدان بەو بوومەلەرزانەی کە تورکیا و سووریای گرتەوە، رایگەیاند: "ئەمە یەکێکە لە خراپترین بوومەلەرزەکان کە لە میانی زیاتر لە ١٠٠ ساڵدا روو بدات".
جۆ بایدن لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتی ویسکانسن لەبارەی پلانە ئابوورییەکان گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئەمریکا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی گەلی ئەمریکا دڵی لای زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکانی تورکیا و سووریایە و نزایان بۆ دەکەن، گوتی: "ئەمە یەکێکە لە خراپترین بوومەلەرزەکان کە لە میانی زیاتر لە ١٠٠ ساڵدا روو بدات".
بایدن بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە شیوەن بۆ ئەوانە دەگێڕن کە لە ئاکامی بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەست داوە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بینینی دەرهێنانەوەی تەرمەکان لەژێر داروپەردووی داڕووخاودا سەرووئاساییە، گوتی: "بوومەلەرزەکە بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بەهێز بوو، بووە هۆی پاشلەرزەی زۆر و روودانی بوومەلەرزەی دووەم. دڵمان لای زیانبەرکەوتووانی ئەم تراجیدیایەیە".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەر دوای روودانی بوومەلەرزەکە پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام داوە، گوتی: "ئەمریکا بە تیمەکانی گەڕان و پشکنینیشەوە بە تەواوی پشتیوانی لە تورکیای هاوپەیمان لە ناتۆ دەکات. ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و یەکەکانی سوپای ئەمریکا لە ئەورووپا ئامادەی هاوکاریکردنی ناوچە کارەساتبارەکانی تورکیان".
جۆ بایدن سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە لە رێگای دەزگا خێرخوازییەکانەوە ئەمریکا هاوکاری زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکات لە سووریا، گوتی: "هەر لە یەکەم رۆژی بوومەلەرزەکەوە دەستمان کردووە بە چالاکییەکان لەو پێناوەدا. ئەگەر ناوچەکە (لە سووریا) لەلایەن هەر لایەنێکیشەوە کۆنترۆڵ کرابێت، ئەمریکا یەکێکە لە بەخشەرە بەناوبانگەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی مرۆڤ".
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن جەختی لەوە کردەوە کە پێداگیرین لە بەڵێنەکانیان بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا هاوکاری بۆ گەلی تورکیا و سووریا رەوانە بکەن.