Dildar Baykan Atalay
08 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2021
واشنتۆن-AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن سەرکۆنەی ئەو ھێرشەی کرد کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی.
لە راگەیەندراوێکدا جۆ بایدن، گوزارشتی "ئەو ھێرشە تیرۆریستییە سەرکۆنە دەکەم کە سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی کردە ئامانج"ی بەکارھێناوە و خۆشحاڵی خۆیانی دەربڕیوە لەوەی کازمی بێ ئەوەی بریندار بێت لەو ھێرشەدا رزگاری بووە.
بایدن جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و رایگەیاندووە: "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەوانە دەکەم کە بۆ لەباربردنی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق پەنا دەبەنە بەر توندوتیژیی".
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایشی کردووە، فەرمانی داوەتە تیمی ئاسایش نیشتمانیی وڵاتەکەی پێشنیازی ھەموو جۆرە ھاوکارییەک بۆ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پێناو دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە، بکەن و رایگەیاندووە: "ئەمریکا ھەمیشە پشتیوانی حکوومەت و گەلی عێراقە کە لەپێناو سەروەریی و سەربەخۆیی وڵاتەکەیاندا خەبات دەکەن".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرش کرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا و ناوبراو بێ ئەوەی بریندار بێت لە ھێرشەکە رزگاری بوو.
لە میانی خۆپیشاندانەکانی رۆژی ٥ی تشرینی دووەمی گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە ناڕەزایەتی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نیشان دەدەن، پشێویی کەوتەوە و لە ئەنجامی تەقەی ھێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرێک کوژرا.
لەدوای ئەوە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران و میلیشیا شیعەکان بە زمانێکی توند رەخنەیان لە کازمی گرت، ھەڕەشەیان لێ کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە کوشتنی خۆپیشاندەرەکە بە بێ سزا تێپەڕ نابێت.