Tuğçenur Akgün
02 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2023
نیویۆرک – AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کێڤن مککارتی لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و "سنووردارکردنی قەرز"یان تاوتوێ کرد، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک بۆ "سنووردارکردنی زیاتری قەرز".
دوای یەکەم کۆبوونەوەی کێڤن مککارتی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ جۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە کۆبوونەوەکە بە باشی بەڕێوە چووە و بەڵێنی دا کە کۆبوونەوەکان لەبارەی سنووردارکردنی قەرز بەردەوام دەبن.
کێڤن مککارتی ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەدا، هیچ جۆرە بڕیارێک نەدراوە و نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک لەبارەی سنووردارکردنی زیاتری قەرزەوە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بۆ بەهێزترکردن، ئاسایشپارێزراوی زیاتر و هاوسەنگی زیاتر بەردەوام دەبن لە دانوستانەکان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە جەختکردنەوە لەوەی کە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا "قەرزە"، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە قەرزی ئەمریکا بە رێژەی لەسەدا ١٢٠ زیاترە لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە لە بابەتی "خەرجییەکان"دا کێشە هەیە، گوتی: "بە ژیرانە و بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەین بۆ سنووردارکردنی زیاتری قەرز، بەڵام پێویستە خۆ بەدوور بگیرێت لە خەرجیی زیادە و ناپێویست".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە "بەڵگە نهێنییەکان" کراوە، کێڤن مککارتی بە "نەخێر" وەڵامی دایەوە.