Eşref Musa
12 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2021
دێرازۆر- AA
لە قەزای ئەلبوکەمال سەربە پارێزگای دێرازۆر رۆژهەڵاتی سووریا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی بۆسەر سێ خاڵی میلیشیا ئێرانییەکان کە پاڵپشتی لە رژێمی بەشار ئەسەد دەکەن، ئەنجامدرا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆییەوە وەریگرتوون لە قەزای ئەلبوکەمال رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرازۆر، سێ خاڵی میلیشیا ئێرانییەکان کراونەتە ئامانج.
تا ئێستا نازاندرێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چەکهەڵگرانەی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە سەربە کام وڵات بوون، بەڵام دوای ئۆپەراسیۆنەکە دەنگی حەوت تەقینەوە بیستراوە.
باس لەوەش دەکرێت کە بۆردومانەکان کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە.
شایەنی باسە نزیکەی نیوکاتژمێر بەرلە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکە لە شارەدێی شەدادی سەربە پارێزگای حەسەکە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە-دایە بە مووشەک هێرش کرایە سەر هێڵی گواستنەوەی غازی سروشتیی و لە ئاکامدا، سێ ئۆتۆمبێل سووتان.
پێشتریش لە ١٤ی حوزەیران و ١٥ی ئەیلوولدا، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی کە نازاندرێت سەربە کام وڵات بوون، میلیشیا ئێرانییەکانیان لە قەزای ئەلبوکەمال بۆردومان کرد و لە ئاکامی هەردوو هێرشەکەدا، سێ کەس کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.
- بوونی میلیشیا ئێرانییەکان لە پارێزگای دێرازۆر
پارێزگای دێرازۆر کە دەکەوێتە سەر سنووری سووریا لەگەڵ عێراق، رێگای وشکانیی نێوان ئێران و لوبنان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و هێڵەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و رێگاکانی بازرگانی کە لە عێراق و ئوردن-ەوە دێن بەم شارەدا تێدەپەڕن.
کۆنترۆڵی سەنتەر و رۆژئاوای پارێزگاکە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا و دوای کشانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کەوتە دەست رژێمی بەشار ئەسەد، لەئێستاشدا بەشێوەیەکی چڕ میلیشیا ئێرانییەکانی تیادا بڵاوکراونەتەوە.
هەروەها ئەو بەشەی پارێزگای دێرازۆر کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی رووباری فورات-ەوە لەژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/پەکەکە-دایە.