Can Hasasu
17 ئادار 2025•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2025
واشنتۆن - AA
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارنامەیەکی واژوو کرد بۆ کەمکردنەوەی بوودجە و ژمارەی کارمەندانی ئەو دەزگایانەی ڕاگەیاندن کە لەلایەن حکوومەتەوە پشتیوانی دارایی دەکرێن، ئەو ڕۆژنامەوانانەی لە دەنگی ئەمریکا (Voice of America-VOA) کاریان دەکرد مۆڵەتی زۆرەملێی کارگێڕیان پێدرا.
پەخشی ڕادیۆکە بە زمانی ئەڵمانی، کە دوای ئەوەی ئەمریکا چووە جەنگی جیهانی دووهەمەوە لە یەکی شوباتی ١٩٤٢ دەستیپێکرد، بە مێژووی دەزگای دەنگی ئەمریکا VOA دادەنرێت. لەگەڵ واژووکردنی دوایین بڕیارنامەی سەرۆکایەتی، دەنگی دیپلۆماسی گشتیی ئەمریکا کە ٨٣ ساڵە بە جیهان دەگات، بێدەنگ کرا.
دەنگی ئەمریکا کە یەکێکە لە حەوت دەزگا ڕاگەیاندنەکانی فیدراڵی و سەربە ئاژانسی میدیای جیهانی ئەمریکایە و تێکڕا سێ هەزار و ٥٠٠ کارمەندی هەیە، نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کارمەندی هەمیشەیی و چەندین کارمەندی گرێبەستی هەیە.
دەزگاکانی دیکەی سەر بە ئاژانسی میدیای جیهانی ئەمریکا بریتین لە؛ ئەورووپای ئازاد، ڕادیۆی ئاسیای ئازاد، ڕادیۆی مارتی کە بە زمانی ئیسپانی هەواڵ پێشکەش بە کوبا دەکات و کەناڵی تەلەفيزیۆنی ئەلحوڕە کە بە زمانی عەرەبی پەخش دەکات.
بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی ئاژانسی میدیای جیهانی ئەمریکا بە ٨٨٦ ملیۆن دۆلار ڕاگەیاندرابوو.