Ahmet Dursun,Muhammet Ali Kemal
31 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2018
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئاماژەی بەوەکرد ئەوان خوازیاری درووستبوونی هیچ کێشەیەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا نیین، بەڵام مل بۆ فشارەکان لەبارەی فرۆشتنی نەوتیشەوە کەچ ناکەن.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، حەسەن روحانی پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران، رۆب مەککەیەر کردووە و لە کۆبوونەوەیاندا، روحانی کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمیی بە شێوەیەکی تاکلایەنانە، بە نایاسایی ناوبردووە.
روحانی لە دیدارەکەدا جەختی لەوەکردووەتەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندیی باشی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپادا هەبێت و پێویستە لە پێناو پارێزگارییکردن لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، هەرچی زووە ئەورووپا هەنگاو بهاوێژێت.
سەرکۆماری ئێران تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی وڵاتەکەی مل بۆ فشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەریدا، کەچ ناکات و رایگەیاندووە:
"ئێران هەرگیز بەدوای درووستکردنی گرژییدا لە ناوچەکە نەگەڕاوە. ئێمە خوازیاری درووستبوونی هیچ کێشەیەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا نیین، بەڵام هیچ کاتێکیش بە ئاسانی دەستبەرداری مافی هەناردەکردنی نەوت نابین".
لای خۆشییەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران، رۆب مەککەیەر ئاماژەی بەوەکردووە کە حکوومەتی وڵاتەکەی لایەنگری مانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمییە و رایگەیاندووە "وڵاتانی ئەورووپا سەبارەت بە پارێزگارییکردن لە رێککەوتنی ئەتۆمیی بەتایبەت لە بواری ئابوورییدا لە هەوڵێكی بێهاوتادان".
ئیدارەی واشنتۆن بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەشتی ئایار لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆیەک کشابوویەوە و لە ئێستاشدا سەرگەرمی ئامادەکارییە بۆ ئەوە لە مانگی تشرینی دووەمەوە گەمارۆ بخاتە سەر نەوتی ئێران.