Dmitri Chirciu
29 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2022
مۆسکۆ – AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرایكرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئۆكرایناوه تا ئێستا ٣٥٩ سیستمی مووشەکیی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئۆکراینایان لەناوبردووە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ زانیاری لەسەر چالاکییەکانی سوپای رووسیا لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
کۆناشێنکۆڤ بانگەشەی ئەوەی کرد سوپای ئۆکراینا "بەرێژەیەکی بەرچاو" زیانیان بەرکەوتووە و ئاشکرایکرد لە ئەنجامی هێرشێک بە چەکی ئێجگار هەستیار بۆ سەر ئەو ناوەندەی کە لیوای ٧٢هەمینی میکانیکیی سوپای ئۆکراینا بەشێوەیەکی کاتی لە نزیک ناوچەكانی نیشتەجێبوون له ئارتیۆمۆسڤک بەکاریدەهێنا ٧٠ سەرباز و زیاتر لە پێنج ئۆتۆمبێلی زریپۆش لەناوبران.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر ناوچەی خێرسۆن لیوای ٦٠ههمینی هێزە چەکدارهکانی ئۆکراینا توانای شەڕکردنیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٣٠ سەربازی ئەو لیوایە لەچالاکی خران.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ جەختی لەوەش کردەوە کە هێرشی هێزەکانی رووسیا بۆ سەر سهربازانی ئۆکراینا بەردەوامە و زانیاری ئەوەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا نۆ ناوەندی بەڕێوەبردن، شەش کۆگای تەقەمەنی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی جۆری "S-300" لەناوبراون .
کۆناشێنکۆڤ باسی لهوهشكرد، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای ئۆکراینا خراونهته خوارهوه و رایگهیاند:
"تا ئەمڕۆ، ٢٦٠ فڕۆکە، ١٤٥ ھێلیکۆپتەر، ھەزار و ٦٢٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٥٩ سیستمی مووشەکیی بەرگریی ئاسمانیی، چوار ھەزار و ١٧٢ تانک و زریپۆش، ٧٦٤ تۆپهاوێژ، سێ ھەزار و ٢٠٧ تۆپھاوێژ و ھاوەن، چوار ھەزار و ٥١٥ ئۆتۆمبیلی تایبەتی سەربازیی ئۆکراینا لەناوبراون".