Rewa Mahmut Hasan
25 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2017
واشنتۆن - AA
دوای ئەوەی دەنگۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر کەسی مەدەنی لە هێرشەکانی هاوپەیمانان بۆسەر داعش لە مووسڵ لە رۆژانی ١٧-٢٣ی ئەم مانگە بڵاو بوویەوە لە راگەیەنراوێکدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەست پێ دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکادا هاتووە کە دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە لە رۆژانی ١٧-٢٣ی ئەم مانگە، لەئەنجامی هێرشی هاوپەیمانان بۆسەر گەڕەکی جەدید لە بینایەکدا ٢٣٠ کەسی مەدەنی کوژراون، لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستی پێکراوە.
لەبەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کار دەکات بۆ ئەوەی هیچ کەسێکی مەدەنی لە هێرشەکاندا نەبنە قوربانی، بەڵام داعش بەشێوەیەکی وەحشیگەرانە کەسانی مەدەنی وەک قەڵغان بەکاردەهێنن و بەزۆر هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان دەکەنە دەرەوە و وەک پەناگە و مۆڵگەی خۆیان بەکاری دەهێنن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە ئەو تاکتیکانەی داعش دەبنە هۆی کوژرانی کەسانی مەدەنی.