Zana Natık Kerem
20 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2019
ریاز ــ AA
بە ئامانجی بەرگریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، سعوودیە رەزامەندی نیشاندا کەوا پێشوازی لە ھێزی دیکەی ئەمریکا بکات.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویکردەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە ئاشکراێکردووە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز بڕیاریداوە کەوا پێشوازی لە ھێزی دیکەی ئەمریکا بکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز لەچوارچێوەی نیشاندانی رەزامەندییەکە بە پێویستی زانیوە ھێزەکانی سعوودیە و ئەمریکا لەسەر ئاستی باڵا بە ھاوبەشی ھەوڵەکانیان زیاتر لەپێناو بەرگریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بخەنەگەڕ.
ئەوەش لەکاتێکدا سعوودیە و ئەمریکا خواستی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بە پتەوتکردنی ھاوکارییە ھاوبەشەکانی نێوانیان بەتایبەتیش لە رووی سەربازییەوە بۆ ئەوەی پێکەوە بەرگری لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکەن.
گۆڤاری " Newsweek" لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا بڵاویکردبوویەوە کە ٨٥٠ سەرباز و مەدەنی لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا لە سعوودیە، ئەرک جێبەجێ دەکەن.
ئەمریکا سێ بنکەی سەربازیی لە کەنداودا ھەیە، یەکێکیان لە کوێت کە زۆرترین ژمارەیەکی سەربازی تیادا جێگیرە ئەوەی دووەم بە ناوی بنکەی عەدید لە قەتەرە لەگەڵ کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرێن کە بەرپرسە لە ھێزی دەریاوانیی کە لە ناوچەی کەنداو، دەریای سوور و دەریای عەرەب لەگەڵ بەشەکانی زەریای ھیندی.
بەپێی چەند رێککەوتنێک کە لە بواری بەرگریدا واژوو کراوە، لە کاتی سەرھەڵدانی جەنگی کەنداوی دووەم لە ساڵی ١٩٩٠دا، ئەمریکا ئەو بنکە سەربازییانەی لە کەنداو دامەزراند، بەڵام دوای رووداوەکانی یازدەی سێپتەمبەری ٢٠٠١ و جەنگی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەمریکا ژمارەی سەربازانی لە ناوچەکە زیاد کرد.
دواتر لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئەمریکا ئەو بنکە سەربازییانەی لە شەڕەکانی دژبە داعش لە عێراق و سووریا بەکارھێنا.