Hakan Çopur,Hemın Othman Mohammed
02 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2019
میامی - AA
زریانی دۆریان له جۆری پێنج كه له كه‌ناراوه‌كانی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا نزیك بووه‌ته‌وه، كاریگه‌ری له‌سه‌ر دوورگه‌ی باهاما دروستكردووه.
ناوەندی نیشتمانی ئەمریكا بۆ زریان، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، زریانی دۆریان كه توندیه‌كه‌ی زیادی كردووه و گه‌یشتووه‌ته جۆری پێنج، كاریگه‌ری له‌سه‌ر باهاما دروستكردووه.
به‌پێی زانیاری ناوه‌نده‌كه زریانی دۆریان كه خێراییه‌كه‌ی ده‌گاته ٢٩٥ كیلۆمەتر له یەک كاتژمێردا به‌هێزترین زریانه كه تا ئێستا دابێتی له ناوچه‌كه.
له كاتێكدا پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت زریانی دۆریان وێرانكاری به‌رچاو به‌سه‌ر باهاما-دا بهێنێت كه بارانێكی به‌لێزمه‌ی له‌گه‌ڵدایه، به‌رپرسان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه تا ئێستا هیچ راپۆرتێكیان له‌سه‌ر زیانی گیانی بەدەست نه‌گه‌شتووه و سەرجەم رێوشوێنێكی پێویستیان گرتووه‌ته‌به‌ر.
ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه، زریانی دۆریان له كه‌ناراوه‌كانی ویلایەتی فلۆریدا ده‌دات، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له بنه‌ڕه‌تدا زیاتر له ویلایه‌ته‌كانی جۆرجیا و كارۆلینای باشوور بدات.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ناوەندی نیشتمانی ئەمریكا بۆ زریان، دۆریان پێنج رۆژی دیكه وه‌ك زریان ده‌مێنێته‌وه و به خێرایی ١٣ كیلۆمەتر له یەک كاتژمێردا به‌ره‌و كه‌ناراوه‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ به هۆی زریانه‌كه‌وه سه‌ردانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی بۆ پۆڵه‌ندا هه‌ڵوه‌شانده‌وه و له واشنتۆن مایه‌وه و زانیاری له به‌رپرسان وه‌رگرت.
دۆناڵد تره‌مپ له باره‌ی دۆریانهوه رایگه‌یاند ''نازانین چی به‌سه‌رماندا هاتووه، به‌ڵام هه‌موو رێوشوێنێكمان گرتووه‌ته‌به‌ر و له ئاماده‌باشیداین''. دووپاتیشیكرده‌وه كه له ویلایەتی فلۆریدا، جۆرجیا و كارۆلینای باشوور بارودۆخی له‌ناكاو راگه‌یه‌ندراوه و سەرجەم به‌رپرسان له‌سه‌ر كارن.