Bahtiyar Abdülkerimov
09 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسكی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە هەموو ئەگەرێکدا ئەورووپا ناچارە سزای توند و بنەڕەتی بەسەر رووسیادا بسەپێنێت.
زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، پەسەند کردنی پێنجەمین پاکێجی سزاکانی یەکێتی ئەورووپای بۆسەر رووسیا، هەڵسەنگاند و رایگەیاند "دەزانین ئەو کەسانە کێن کە بەردەوام هەوڵدەدەن پێشنیازەکانی سەپاندنی سزا، خاوبکەنەوە، ئێمەش هەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا لەوە تێبگەن کە پێویستە لەبری سنووردار کردنی هەناردەی غاز و هاتووچۆی دەریایی رووسیا، سزای توند و بنەڕەتی بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێندرێت".
سەرۆکی ئۆکراینا، باسی لەوەش کرد کە ئەو کەس و وڵاتانەی بڕیاری سەپاندنی سزاکان دوادەخەن، لەژێر فشاری ئەو کارانەی رووسیا دژ بە ئۆکراینییەکان و ئازادی ئەورووپا ئەنجامی دەدات، بیر و ڕای خۆیان دەگۆڕن، داواشی کرد تەواوی بانکە رووسییەکان لە سیستمی دارایی جیهانی دەربهێندرێن.
ناوبراو لە درێژەی گوتەکانیدا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شاری کراماتۆرسکەوە دوا و جەختی لەوەش کردەوە کە چاوەڕێی کاردانەوەیەکی توندی نێودەوڵەتی دەکەن لە بەرامبەر ئەم پەلامارەدا کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی مەدەنی ئۆکراینا تیایدا بوونە قوربانی، گوتیشی: "تەواوی وڵاتە گرنگەکانی جیهان ئیدانەی پەلامارەکەی رووسیایان بۆسەر شاری کراماتورسک، کرد. بەڵام ئێمە چاوەڕێی وەڵامێکی توند و نێودەوڵەتی دەکەین بەرامبەر ئەم تاوانی جەنگە. پێویستە ئەم پەلامارە مووشەکییەش وەک زۆر تاوانی دیکەی جەنگ کە لەلایەن رووسیاوە ئەنجامدراون، ببرێتە دادگای نێودەوڵەتی".