İbrahim Sipahi,Muhammed Semiz
20 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2023
جیددە - AA
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان رایگەیاند، نابێت بەردەوامی بە دۆخی ئێستای سووریا بدرێت و پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئەنجام بدرێت.
فەیسەڵ بن فەرحان دوای ٣٢هەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی کۆمکاری عەرەبی کە له شاری جیددەی سعوودیە بەڕێوە چوو، لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ رۆژنامەنووسان دوا.
لە وەڵامی رەخنەکانی ئەمریکادا سەبارەت بە گەڕانەوەی سووریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، بن فەرحان گوتی: "ئێمە لە تێڕوانینی ئەمریکا تێدەگەین، بەڵام نابێت بەردەوامی بە دۆخی ئێستای سووریا بدرێت، پێویست بوو گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئەنجام بدرێت و لەگەڵ هاوبەشە رۆژئاواییەکانمان تاوتوێی ئەوە دەکەین".
- هیوادارم سوودان بگات بە "ئاگربەستێکی مرۆیی"
فەیسەڵ بن فەرحان سەبارەت بە دۆخی سوودان ئاماژەی بەوە دا کە دانوستانەکانی لایەنە سوودانییەکان لە جیددە بەردەوامن و هیوادارن بەم زووانە بگەن بە ئاگربەستی مرۆیی.
- لە جەنگی ئۆکراینا و رووسیادا بێلایەنییمان هەڵبژارد
بە ئاماژەدان بەوەی کە "سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی-یان بانگهێشتی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کرد بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان گوێی لێ بگرن"، بن فەرحان گوتی: "هەر لە سەرەتاوە 'بێلایەنیی ئەرێنی'مان هەڵبژراد لە پەیوەندیییەکانماندا لەگەڵ هەردوولا".
بن فەرحان روونیشیکردەوە کە ئەوان وەک عەرەب گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئۆکراینا و رووسیا دەدەن و پەیوەندییان لەگەڵ هەردوولادا هەیە.
لە ٣٢هەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کە لە شاری جیددەی سعوودیە بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و سەرۆکی رژێمی ئەسەد لە سووریا، بەشار ئەسەد بەشدار بوون.