Hacer Başer,Rahel Ali
13 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2023
قودس – AA
سعوودیە کە میوانداری کۆنفرانسی رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، ڤیزەی بە شاندی ئیسرائیل نەدا بۆ ئەوەی بچنە ئەو وڵاتە و بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکەن.
دامەزراوەی پەخشی گشتیی ئیسرائیل (KAN) بڵاوی کردەوە کە سعوودیە رەتی کردووەتەوە ڤیزە بە شاندی ئیسرائیل بدات بۆ ئەوەی بچنە ئەو وڵاتە و بەشداری لە کۆنفرانسی رێکخراوی گەشتیاریی جیهانیدا بکەن.
کەناڵی "Bloomberg"ی ئەڵمانی بڵاوی کردەوە کە حکوومەتی ریاز لەبارەی ئەم هەڵوێستەوە هیچ پاساوێکی نەخستووەتە روو و وێڕای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان "بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە دەکات"، بەڵام هەڵوێستێکی لەم جۆرە نیشان دراوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکانی سعوودیەیش لەمبارەیەوە هێشتا هیچ راگەیەندراوێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
ئەم کۆنفرانسە کە لەبارەی ٣٢ گوندی گەشتیاریی لە ١٨ وڵات رێکخراوە و دوو رۆژ دەخایەنێت، دوێنێ لە شاری عولا دەستی پێ کرد.
پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەنێوان سعوودیە و ئیسرائیلدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە ئەگەری ئەوە هەیە گەیشتنە رێککەوتنی ئێران و سعوودیە دوای تێپەرینی حەوت ساڵ بۆ سەرلەنوێ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان؛ کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێسرائیل.