Zana Natık Kerem
12 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2019
خەرتوم ــ AA
گردبوونەوەی پیشەوەرانی سوودان رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕینی ئاشتیانە تا ئەو کاتەی دەسەڵات رادەستی گەل دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا، گردبوونەوەی پیشەوەران ئاماژەی بەوە داوە کە تا ئەو کاتەی بەتەواوی دەسەڵات رادەستی گەلی سوودان دەکرێتەوە و ماف و بەرژەوەندییەکانی بۆ دەستەبەردەکرێت، بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی ئاشتیانە".
١١ی مانگی نیسانی رابردوو وەزیری بەرگریی و جێگری سەرۆکی سوودان، عەوەز بن عۆف لە تەلەڤیزیۆنی فەرمییەوە، بە سیفەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، سوپا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە و قۆناغێکی راگوزەر کە دوو ساڵ بەردەوام دەبێت دەستیپێکردووە و عومەر بەشیر دەستگیرکراوە، بەڵام بەرلەوەی ٢٤ کاتژمێر بەسەر سوێندخواردنی بن عۆف-دا تێپەڕێت وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر، رایگەیاند کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە و عەبدولفەتاح بورھان-ی لە شوێنی خۆی دەستنیشانکردووە.
لە ١٣ی نیسانی رابردوودا، دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر، عەبدولفەتاح بورھان رایگەیاند کە ھەشت کەسی وەک ئەندام لە ئەنجوومەنەکەدا دامەزراندووە.
شەش لەو ھەشت کەسە لە سوپاوە و کەسێک لە رێکخستنەکانی ئاسایش و کەسێکیش لە ھەواڵگرییەوە دەستنیشانکراون و دوای سوێندخواردنی یاسایی، دەستبەکاربوون.