Nour Mahd Ali Abu Aisha
10 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2023
غەززە – AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک پارچە زەوی کشتوکاڵیی لە باشووری کەرتی غەززە بۆردومان کرد.
شایەتحاڵەکان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان رایگەیاند کە ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل بە ئاراستەکردنی چوار مووشەک، ژمارەیەک پارچە زەوی کشتوکاڵیی لە ناوچەکانی قەڕارە و عەبەسان رۆژھەڵاتی شاری خان یونس و رۆژھەڵاتی شاری رەفح بۆردومان کردووە.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان لە ساتی بۆردومانەکەدا، ژمارەیەک ھاووڵاتیی لە ناوچەکان بوون.
تا ئێستا وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ھیچ راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەیەک "چالاکوان"ی سەربە بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشیان کردە سەر کەرتی غەززە و لە ئاکامدا، ١٥ فەڵەستین کوژران لەنێویاندا، سێ سەرکردەی بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی، چوار منداڵ و چوار ئافرەت.