Zana Natık Kerem
17 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2019
قودس ــ AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لە زنجیرەیەک ھەڵمەتدا لە کەناری رۆژئاوا، ٢٢ فەڵەستینی دەستگیرکردووە.
لە راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیلدا ھاتووە "ئەو ٢٢ فەڵەستینییە بەتۆمەتی تێوەگلان لە ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی لە کەناری رۆژئاوا دەستگیرکراون".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە دەستگیرکراوەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی بنکەکانی ئەمنی کراون.
سوپای ئیسرائیل بەردەوام ھەڵمەت لە کەناری رۆژئاوا ئەنجام دەدات و ھەڵدەکوتێتە سەر ماڵان و بەتۆمەتی جۆراوجۆر ھاووڵاتییانی فەڵەستینی دەستگیر دەکات.
بەپێی داتاکانی فەڵەستین، ژمارەی بەندکراوانی فەڵەستین لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، گەیشتووەتە پێنج ھەزار و ٧٠٠ کەس لەنێویاندا ٢٣٠ی منداڵ و ٤٨ ئافرەت، ھەروەھا لەو ژمارەیە ٥٠٠ کەس بە فەرمانی کارگێڕی بەبێ دادگاییکردن بەندکراون، جگە لەوەش ھەزار و ٨٠٠یان نەخۆشن کە ٧٠٠یان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلەی پزیشکی ھەیە.