Abdullah Shukur
10 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2017
رامەڵڵا - AA
لە دوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە دژی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل، نزیکەی ١٥٠ فەڵەستینی لە لایەن ھێزەکانی ئیسرائیلەوە لە کەناری رۆژئاوا و قودسی رۆژھەڵات دەستگیرکران.
بەپێی ئەو راگەیەنراوەی لەلایەن کۆمەڵەی بەدیلگیراوانی فەڵەستینی بڵاوکراوەتەوە، ھێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا و قودسی رۆژھەڵات نزیکەی ١٥٠ فەڵەستینییان دەستگیر کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە قودسی رۆژھەڵات ٤٠ ھاووڵاتی فەڵەستینی دەستگیرکراون کە چوار ئافرەتیشیان لە نێویاندایە. ھاوکات لە شاری خەلیلی کەناری رۆژئاواش ٣٠ فەڵەستینی دیکە دەستگیر کراون.
لە راگەیەنراوەکەدا زیاتر ھاتووە کە سەربازانی ئیسرائیل، لە چەند ناوچەیەکی جیای کەناری رۆژئاوا ژمارەیەکی زۆری فەڵەستینیان دەستگیر کردووە.
- نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژھەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە ھاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
ھەروەھا ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژھەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژھەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژھەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و، ھیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت کە قودس یان بەشی رۆژھەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیلە.