Tuğçenur Akgün
21 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2023
نیویۆرک - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی موسڵمانانی ئەمریکا و جیهان کرد.
لە پەیامەکەدا بایدن باسی لەوە کردووە کە سەرسامبووە بە بەخشندەیی موسڵمانان لە پەرستشی تایبەت بە سەرفیترەدا بۆ دابین کردنی خواردن و پێداویستی بۆ کەسانی کەمدەرامەت و نوسیویشیەتی: "من و جیڵی هاوسەرم، پیرۆزبایی کۆتایی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان و هاتنی جەژنتان لێدەکەین. هیوامان باشی هەموو موسوڵمانانی وڵاتەکەمان و جیهانە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشداوە کە جەژی رەمەزان کۆتایی مانگێکی پیرۆزی تایبەت بە خێر کردن و تێڕامانە کە وەبیرهێنەرەوەی ئەو موسڵمانانەیە کە لە هەموو لایەکی جیهان بەدەست پێکدادان، گەندەڵی، برسێتی و نەخۆشییەوە دەناڵێنن یاخود بەوهۆیانەوە ناچار بە بەجێهێشتنی ماڵوحاڵیان بوون.
جۆ بایدن، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە حکوومەتی وڵاتەکەی سوورە لەسەر دژایەتی کردنی ئیسلامۆفۆبیا و هەموو جۆرە تاوانێکی رق و کینە و نوسیویەتی: "لەم جەژنەدا سوپاسگوزاری بەخششەکانین و دووبارە خۆمان تەرخان دەکەینەوە بۆ بنیاتنانی ئاشتی و خەبات کردن لە پێناو ماف و شکۆی هەموو مرۆڤەکان".
ناوبراو، ئاماژەی بەوەشداوە کە شانازی بەوەوە دەکات کە لە کۆشکی سپی جەژنی رەمەزان پیرۆز دەکرێت و نوسیویەتی: "من و هاوسەرەکەم هیوای جەژنێکی خۆش بۆ خۆتان و خۆشەویستانتان دەخوازین و جەژنتان پیرۆزبێت".