Eşref Musa,Ethem Emre Özcan
22 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2021
تەلئەبیەز - AA
دوو ساڵ لەمەوبەر تورکیا ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی ئەنجامدا و ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنەش پاککردنەوەی بەشێکی باکووری سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/پەکەکە و پاراستنی سنوورەکانی تورکیا بوو.
دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە ئاشتی و سەقامگیری گەڕایەوە بۆ ناوچەی کانی ئاشتی و ئەمەش وای کرد بەشێکی ئاوارە سوورییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دووبارەی ژیانی ئابووری چالاک ببێتەوە.
ئۆپەراسیۆنەکە لە نۆی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا دەستی پێکرد و لە یەکەم رۆژدا هێزە سەربازییەکانی تورکیا چوونە رۆژهەڵاتی رووباری فورات، لە نیوەڕۆی رۆژی دووەمیشدا سوپای نیشتیمانی سووریا (هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا) چوونە ناو شارۆچکەی تەلئەبیەز (گرێ سپی) و لە ئێوارەشدا گەیشتنە ناو شارۆچکەی سەرێ کانی. لە رۆژی چوارەمدا ناوەندی سەرێ کانی و لە رۆژی پێنجەمدا ناوەندی تەلئەبیەز لە تیرۆریستان پاک کرایەوە.
لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هات و نزیکەی ٦٠٠ ناوچەی نیشتەجێبوون لە تیرۆریستان پاککرایەوە.
- ژیانی ئابووری چالاک بووەوە
دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی، هێزە سەربازییەکانی تورکیا و سوپای نیشتیمانی سووریا، ئاسایشیان بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە و ئەمەش وای کرد بەشێکی ئاوارە سوورییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، بەهۆی هاوکاری کردنی تورکیا لە دابین کردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزاری گشتی، دانیشتوانی ناوچەکە گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەس.
لە لایەکی دیکەشەوە کرانەوەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و شارۆچکەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی رۆڵێکی گرنگی لە ژیانەوەی کەرتی بازرگانیدا هەبووە و ئەمەش وای کردووە دۆخی ئابووری دانیشتوانی ناوچەکە باش ببێتەوە.