Zana Natık Kerem
23 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2017
عەممان ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە میانی سەردانەكەی بۆ عەممان چاوی بە شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم كەوت و كۆبوونەوە.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئوردن، شەڕی دژ بە داعش كە بووەتە مەترسی بۆ سەر ناوچەكە، رەوشی ناوچەكە، دیدی عێراق بۆ داهاتووی ناوچەكە، پڕۆسەی بڵابوونەوەی هێزە عێراقییەكان و پاراستنی ئاسایش لە ناوچەكانی عێراق تاوتوێ كراون.
بە پێی بەیاننامەكە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، عەبدوڵڵای دووەم دووپاتی كردووەتەوە كە ئوردن پشتیوانی لە یەكپارچەپی عێراق و ئەو رێوشوێنە دەستووری و یاساییانە دەكات كە حكوومەتی عێراق بەم دووایانە گرتییەبەر.
شای ئوردن جەختی كردووەتەوە لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنەكان لە لایەن حەیدەر عەبادی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی عێراق و گوتیشی: "ئەوەی ئێستا بە لای ئوردنەوە گرنگە پاراستنی یەكپارچەپی عێراق و رێزگرتنە لە دەستوور".
هەروەها عەبدوڵڵای دووەم پشتیوانی خۆی بۆ دیدی عێراق بۆ داهاتووی ناوچەكە نیشان دا كە حەیدەر عەبادی لەسەر بنەمای گەشەكردن و سەپاندنی ئاسایش لە بری ناكۆكییەكان و جەنگ و گرنگی كاركردن پێیان، دەستی پێكردووە.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە هێشتا ئەولەویەت لە عێراق بۆ شەڕی دژ بە داعش و لە ناوبردنیەتی و ئەوەی لەم چەند رۆژەی رابردوو رووی دا، سەپاندنی دەسەڵاتی حكوومەتی فیدرال بوو لە ناوچەكانی عێراق.
حەیدەر عەبادی گوتی: "ئەو دیدەی كە سەبارەت بە گەشەپێدان دەستمان پێكردووە لە پێناو ئاسۆیەكی نوێیە بۆ گەنجان و هەروەها چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە كە رووبەڕووی ناوچەكە بووەتەوە و لە ئێستادا ئەوە گرنگە کە بە هاوبەشی كار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرنگاربووانە بكەین".