Ömer Tuğrul Çam
27 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2022
برۆکسل - AA
سەرکردەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پێشهاتەکانی ئەو جەنگەی رووسیا بەڕووی ئۆکراینادا کردوویەتییەوە کە کاریگەری جۆراوجۆری هەیە لەسەر جیهان و پەسەندکردنی چەمکی ستراتیجی نوێی ناتۆ، کۆدەبنەوە.
لووتکەی ناتۆ لە رۆژانی ٢٨-٣٠ی حوزەیران لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ساز دەکرێت. لە لووتکەکەدا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکات.
لووتکەکە لە ٢٨ی حوزەیراندا لە میانی ئێوارە خوانێکدا کە شای ئیسپانیا فلیپ پێشکەشی سەرکردەکانی دەکات، دەست پێ دەکات. لە یەکەم دانیشتنی لووتکەکەدا لە بەیانی ٢٩ی حوزەیراندا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی ئۆکراینا و رووسیا. لەو دانیشتنەدا سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری دەکات و گوتارێک پێشکەش دەکات.
پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ دانیشتنێکی دیکە ساز دەکرێت و، گفتوگۆ دەکرێت سەبارەت بە پێشخستنی پەیوەندییە هاوبەشییەکان لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکانی ناتۆدا. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرکردەی هەریەک لە هاوبەشانی ئاسیا-پاسفیک ئوسترالیا، نیوزلاند، ژاپۆن و باشووری کۆریا لەگەڵ سوید و فینلاند و جۆرجیا بەشداری دەکەن. لە کۆبوونەوەکەدا کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و ئەنجوومەنی یەکێتییەکە لەلایەن سەرۆکەکانیەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.
ئێوارەی ٢٩ی حوزەیران، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ شانجێز لە فۆڕماتێکی نافەرمیدا ئێوارە خوانێک بۆ سەرکردەی ٢٧ ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ناتۆ ساز دەکات.
لە ٣٠ی حوزەیراندا کە کۆتا رۆژی لووتکەکەیە، تاوتوێی دۆخی باڵی باشوور و تەحەدییەکانی ئەو ناوچەیە دەکرێت. لەو چوارچێوەیەشدا باس لە زۆر بابەت دەکرێت لەوانە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرۆ و کۆچ.
لە چوارچێوەی لووتکەکەی مەدریددا وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی هاوپەیمانییەکە کۆبوونەوەی جیا جیا ساز دەکەن. هەریەک لە مۆریتانیا و ئوردن بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەدا دەکەن کە تیایدا تەحەدییەکانی باشوور تاوتوێ دەکرێت. لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەشدا کە باس لە رەوشی باڵکان دەکرێت بۆسنە و هەرزەگۆڤینا بەشداری دەکات.
لووتکەی ناتۆی ئەمساڵ بە زۆر رەهەندییەوە گرنگییەکی مێژوویی هەیە، زۆربەی ئەوانەش پەیوەستە بە رووسیاوە کە لە ٢٤ی شوباتدا جەنگی بەڕووی ئۆکراینادا کردووەتەوە.
لەنێو ئەو بابەتانەی لە لووتکەکەدا پێشەنگیان پێ دەدرێت داواکاری سوید و فینلاند هەیە بوونە ئەندام لە ناتۆ، هاوشان لەگەڵ نیگەرانیە ئەمنییەکانی تورکیا لەو بارەیەوە، پەسەندکردنی بەڵگەی ''چەمکی ستراتیجی'' نوێی ناتۆ بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان لە ساڵانی داهاتوودا، بەهێزکردنی باڵی خۆرهەڵاتی هاوپەیمانییەکە، پاکێچی هاوکاری سەربازیی گشتگیر بۆ ئۆکراینا.