22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2019
تەرابلوس ــ AA
حكوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا كە خاوەن دانپێدانانی نێودەوڵەتییە داوای لە وڵاتانی جیهان لەسەروویانەوە ئەمریكا کرد کە بەڕوونی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەربە هێرشی هێزەكانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر بۆسەر شاری تەرابلوس نیشان بدەن.
لەوبارەوە وەزیری دەرەوە لە حكوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا، محەمەد سەیالە لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی (لیبیا ئەحرار) كە كەناڵێكی تایبەتە گوتی: "هۆكاری ئەو قەیرانەی كە ئێستا وڵاتەكەمان رووبەڕووی بووەتەوە، بۆ هێرشی میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەر بۆسەر تەرابلوس و خاڵەكانی سوپا دەگەڕێتەوە".
محەمەد سەیالە راشیگەیاند "داوا لە وڵاتانی جیهان لەسەروویانەوە ئەمریكا دەکەین کە بەڕوونی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەربە هێرشی هێزەكانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر بۆسەر شاری تەرابلوس نیشان بدەن".
وەزیری دەرەوە سەربە حكوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا، محەمەد سەیالە جەختی لەسەر ئەوەیش كردەوە کە حكوومەتی تەبایی، تاكە حكوومەتی شەرعییە كە نوێنەرایەتی گەلی لیبیا دەكات.
ناوبراو باسی لەوەیشكرد كە هێرشی میلیشیاكانی خەلیفە حەفتەر بۆسەر تەرابلوس بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم بەدیهێنانی سەقامگیری و دامەزراندنی وەڵاتێكی مەدەنی دوور لە حكومڕانی سەربازیی لە لیبیا.
لیوا خەلیفە حەفتەر كە بەنیازە بە زەبری چەك لە خۆرهەڵاتی لیبیا ئیدارەی بگرێتە دەست، دوواینجار لە ١٢ی كانوونی یەكەمدا فەرمانی بە هێرشێكی نوێ كرد بۆسەر تەرابلوس بە ناوی "جەنگی یەكلاكەرەوە".
لیوا خەلیفە حەفتەر لە چواری نیساندا فەرمانی هێرشی بە یەكەكانی كرد بۆ دەستگرتن بەسەر تەرابلوسدا و بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە لە میانی ٤٨ كاتژمێردا كۆنترۆڵی دەكات.
لە بەرامبەر ئەوەدا یەكەكانی حكوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی "گڕكانی توڕەیی" كرد.