Hemın Othman Mohammed
17 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2016
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری، ئاماژەی بەوە كرد كە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكی ئێران چۆتە بواری جیبەجێ كردنەوە و گوتی: "ئەمڕۆ یەكەم رۆژی جیهانێكی ئارامترە".
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەك لە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف و نوێنەری باڵای سیاسەتی ئاسایش و پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا فێدریكا مۆگرینی، لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڤیەننا، كیری كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد.
كیری، ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، پەسەندی كردووە كەوا ئێران بەڵێنەكانی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی جێبەجێ كردووە، لەبەرئەوە رێككەوتنەكە گەیشتووە بە رۆژی جێبەجی كردنی.
كیری، ئەمڕۆی بە ساتی گۆڕینی بەڵینەكانی سەر كاغەز بۆ كردەوە ناوزەد كرد و گوتی: "بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین كە ئێران رێگاكانی دەستخستنی ماددەی پێویستی فیسیلی داخستووە كە پێویستن بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی".
جۆن كیری، باسی لەوەش كرد كە حكوومەتی تاران تەواوی ئەو یۆرانیۆمەی لە ئاستێكی كەمدا پیتاندبووی دابەزاندووە بۆ 300 كیلۆگرام، ئەوەشی ماوەتەوە بە كەشتی رەوانەی رووسیای كردووە. هەروەها دوو لەسەر سێی تەواوی سەنتەرفیوجەكانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی و ئەو ژێرخانانەی پاڵپشتیان بوون لەوناوی بردوون. لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی یۆرانیۆمی پیتێندراوی دامەزراوەی فۆردۆ تەواو كراون، پەیوەندی سەنتەرفیوجەكان بڕاون و هەموو ماددە فیسیلەكان لەو مەیدانەدا دەرهێنراون، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش، پێوەرەكانی شەفافی و پەسەند كردنی بەكارهێناوە كە لە رێككەوتننامەكەدا ئاماژەیان پێكراوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كیری، ئەوەشی خستەڕوو كە ئێران پێویستی بە زیاتر لە یەك دامەزراوە دەبێت بۆ سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانی ئەتۆمی و گوتی: "لە قۆناغی دواتردا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەردەوام دەبێت لەسەر هیشتنەوەی قۆناغی پەسەند كردن كە بڕبڕەی پشتی رێككەوتننامەكەیە. لەبەرئەوە بەدرێژایی ساڵانی داهاتوو، لە هەموو رۆژ و سەعاتێكدا بەردەوام دەبین لەسەر چاودێری كردنی ئێران بۆئەوەی پەسەندی بكەین كەوا گوێڕایەڵی رێككەوتنەكە بووە".
گوتیشی: "بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لە پابەندبوونی ئێران دەكەین بە بەڵێنەكەیەوە. ئێمەش درێژە بە هەمان شت دەدەین. بەردەوام دەبین لەسەر كارەكانمان تا ئەو رۆژەی ئێران نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و هەڕەشە، ئەوەش لە كاتێكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی تاوتوێ كردنی كێشەكانی ناوچەكەیە".
جۆن كیری جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمڕۆ یەكەم رۆژی جیهانێكی ئارامترە، رۆژێكە تیایدا ئومێد دەكەین ساڵانی داهاتووشمان بە ئارامتر بمێننەوە.