Tuğba Altun
22 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2024
ئەنقەرە - AA
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێنجی تشرینی دووەمدا کشایەوە و پشتگیری خۆی بۆ جێگری سەرۆک، کامالا هاریس ڕاگەیاند، چاوەکان چوونە سەر هاریس.
ئەگەر هاریس لەلایەن دیموکراتەکانەوە بکرێتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا و لە هەڵبژاردنەکەی پێنجی تشرینی دووەمدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە یەکەم ژن وەک سەرۆکی ئەمریکا.
هاریس لە ساڵی ١٩٦٤دا لە شاری ئۆکلاند لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە دایکێکی زانای بایۆلۆجی کە وەک خوێندکار لە هیندستانەوە ڕووی لە ئەمریکا کردووە و باوکێکی پرۆفیسۆری ئابووریی ڕەش پێست کە ئەویش وەک خوێندکار لە جامایکاوە ڕووی لە ئەمریکا کردووە، هاتووەتە دونیاوە.
کامالا هاریس یاسای خوێندوە و ساڵانێکی زۆر وەک داواکاری گشتیی لە سان فرانسیسکۆ کاری کردووە، لە ساڵی ٢٠١٠دا خۆی کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتیی کالیفۆرنیا.
هاریس کە وەک یەکەم ژنی ڕەش پێست و یەکەم داواکاری گشتیی ژن لە مێژووی ویلایەتەکەدا هەڵبژێردرا، لە ساڵی ٢٠١٤دا دووبارە بۆ پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتیی ویلایەتەکە هەڵبژێردرایەوە.

لە ساڵی ٢٠١٦دا و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا، هاریس توانی بچێتە کۆنگرێسەوە و، ناونیشانی یەکەم سیناتۆری بە ڕەچەڵەک باشووری ئاسیا و دووەم سیناتۆری ڕەش پێستی وەرگرت.
هاریس لە ساڵی ٢٠٢٠دا بووە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لەسەر لیستی دیموکراتەکان، بەڵام لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا و، پاشان جۆ بایدن کە کە کاندیدی دیموکراتەکانی بەدەستهێنا، لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠دا وەک جێگری سەرۆک دیاری کرد.
دوای ئەوەی دیموکراتەکان لە سێی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا هەڵبژاردنەکەیان بردەوە، هاریس لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا لەگەڵ بایدن سوێندی یاسایی خوارد و وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بوو.
هاریس وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی زیاتر لە ١٩ وڵاتی کردووە و، لەگەڵ زیاتر لە ١٥٠ سەرکردەدا کۆبووەتەوە و، هاوشان لەگەڵ بایدندا وەبەرهێنانی ئابووریی کردووە و هەوڵی زیادکردنی هەلی کاری داوە.
هەروەها هاریس لە پاڵ بەرەنگاربوونەوە ڕەگەزپەرستی و سێکسیزم، داکۆکی لە کورتاج و هاوڕەگەزخوازی دەکات.