Vesna Besic,Lejla Biogradlija
06 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2023
ڤیسۆکۆ - AA
لە تەمووزی ١٩٩٥دا لە شاری سرێبرێنیتسا رۆژهەڵاتی کۆماری بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا، بەشێوەیەکی دڕندانە زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتی مەدەنی بۆسنیایی کۆمەڵکوژ کران. لە ٢٨مین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەدا، تەرمی ٣٠ قوربانی دیکە دەنێژرێن کە لە سەروبەندی ئەو کارەساتەدا کوژراون.
کۆمەڵکوژی سرێبرێنیتسا، گەورەترین کۆمەڵکوژییە کە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە کیشوەری ئەورووپادا روویدابێت.
لە ١١ی تەمووزدا و لە رێوڕسمی ساڵیادی ئەو کارەساتەدا، ٣٠ قوربانی دیکەی کۆمەڵکوژییەکە لە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی پۆتۆچاری دەنێژرێن.
بەڕێوبەری گۆڕستانەکانی شاری ڤیسۆکۆ، دزێنان سابانۆڤیچ لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو قوربانییانە پێشتر لە گۆڕستانی شاری ڤیسۆکۆدا نێژراون و دوای پشکنینی ئێسکوپروسکەکانیان دەرکەوتووە کە لە کۆمەڵکوژییەکەی سرێبرێنیتسادا کوژراون، بڕیاریشە رۆژی نۆی تەمووز، تەرمەکان بەرەو شاری سرێبرێنیتسا بەڕێبکرێن.
%2FNew%20folder%20(12)%2FAA-31607085.jpg)
دزێنان سابانۆڤیچ باسی لەوەش کرد کە لەنێوان تەرمەکاندا، باوک و کوڕێک هەن، بچووکترین قوربانیش تەمەنی ١٥ ساڵ و بەتەمەنترین قوربانیش تەمەنی ٦٥ ساڵە.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە کاروانی تابوتی قوربانییەکان لە شاری ڤیسۆکۆوە بچێتە سارایێڤۆی پایتەخت و دواتر لەوێوە بڕواتە شاری سرێبرێنیتسا.
- ٢٨مین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکە
هەرچەندە لە میانی جەنگی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینادا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان شاری سرێبرێنیتسای وەک "ناوچەی ئارام" راگەیاندبوو، بەڵام لە ١١ی تەمووزی ١٩٩٥دا، یەکەکانی سەربە فەرماندەی سربیایی، راتکۆ ملادیچ شارەکەیان داگیر کرد.
لە کاتی داگیرکارییەکەدا، ئەو هاووڵاتییە مەدەنییە بۆسنیانەی پەنایان بردبووە بەر سەربازانی هۆڵەندی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رادەستی سەربازە سربییەکان کران.
هەشت هەزار و ٣٧٢ هاووڵاتی مەدەنی بۆسنیایی بە پاس و بارهەڵگر برانە ناو دارستان، کارگە و عەمبارەکان و بێبەزەییانە کۆمەڵکوژ کران. تەرمی قوربانییەکانیش لە ناوچە جیاجیاکانی بۆسنا بەشێوەی گۆڕی بەکۆمەڵ نێژران.
دوای جەنگیش گەڕان بەدوای تەرمی قوربانییەکانی کۆمەڵکوژییەکە دەستی پێ کرد و ئەو قوربانییانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دەدۆزرێنەوە ساڵانە لە ١١ی تەمووزدا دەبرێتە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی پۆتۆچاری و لەوێ دەنێژرێن.
تا ئێستاش شەش هەزار و ٧٢١ قوربانی لەو گۆڕستانەدا نێژراون.