پەكین
چین كە خاوەن دووەمین ئابووریی گەورەی جیھانە، رۆژ لە دوای رۆژ سەرنجی كۆمەڵگەی جیھانیی بۆ ئەو وڵاتە زیاتر دەبێت، بۆیە ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتی بیانی ھەوڵ بۆ فێربوونی زمانی چینی دەدەن و بەپێی ئامارەكان هەنوكە ١٠٠ ملیۆن كەس ھەوڵ بۆ فێربوونی ئەو زمانە دەدەن.
بەپێی ھەواڵێكی ئاژانسی شینھوای چینی، لەم ساڵەی دواییدا ژمارەی ئەو كەسانەی كە ھەوڵ بۆ فێربوونی زمانی چینی دەدەن چوار ئەوەندە زیادی كردووە و بووەتە ١٠٠ ملیۆن كەس، بۆیە ژمارەی ئەنستیتۆكانی كۆنفسیۆس كە بۆ پەرەپێدانی زمان و كەلتووری چین دامەزراون لە سەرانسەری جیھاندا گەیشتووەتە ٤٧٥ ئەنستیتۆ.
ئەو ئەنستیتۆیانە لە نزیكەی ١٠٠ وڵاتی جیھاندان و تیایاندا نزیكەی ٢٠٠ ھەزار مامۆستای چینی وانەی زمانی چینی دەڵێنەوە.
حكوومەتی پەكین دوای زۆربوونی سەرنجی خەڵك بۆ زمانی چینی لە دوای ساڵی ٢٠٠٤دا بڕیاری داوە كە دەست بە دامەزراندنی ئەنستیتۆی كۆنفسیۆس لە وڵاتانی دیكەی جیھاندا بكات.