Hussein Mahmoud Ragab Elkabany,Gülşen Topçu,Rewa Mahmood Hasan
31 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2019
مەککە - AA
لەلووتکەی نائاسایی بەبەشداری ٢١ سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی کە لە شاری مەککەی سعوودیە بەڕێوەچوو ئیدانەی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە کرا.
دوای لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو لووتکەی نائاسایی عەرەبی ئەنجام دراو راگەیەندراوی کۆتایی بڵاو کرایەوە و تێیدا باس لە ئێران و پرسی فەڵەستین کرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئیدانەی هەوڵەکانی ئێران کرا بۆ پشتگیری لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و دەستوەردان لە کاروباری بەحرێن، کاریگەریی دروست کردنی ئەو وڵاتە لە یەکپارچەیی خاکی سووریاو دەستوەردان لە قەیرانەکەی، داگیر کردنی دوورگەکانی ئیمارات (تونبی گەورە، تونبی بچوک و ئەبو موسا)، هەڵدانی مووشەکی بالیستی دروست کراوی ئێران لە یەمەنەوە بۆ سعوودیە.
لەبارەی دۆخی فەڵەستینیشەوە لە راگەیەندراوی کۆتایدا، پلانی ئاشتی عەرەبی کە لە ٢٠٠٢ لە لووتکەی عەرەبی قبوڵ کرابوو، باسی لێوەکرا.
ئەو پلانەش ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت ئیسرائیل کۆتایی بێنێت بە داگیرکاری خاکی عەرەبی، دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی کە قودسی رۆژهەڵات پایتەختێتی لەچوارچێوەی سنوورەکانی ١٩٦٧، هاوکات دۆزینەی چارەسەر بۆ پەنابەرانی فەڵەستین بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و لەبەرامبەر ئەمانەدا پەیوەندییەکان ئاسایی دەکرێنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا.