Alaattin Doğru
02 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2023
ئەنقەرە - AA
لە کاتێکدا گرژی و ئاڵۆزییەکان لە فەڕەنسا چڕبووەتەوە کە بەهۆی کوژرانی گەنجێک بە گوللەی پۆلیس سەریهەڵداوە، ماڵی سەرۆکی شارەوانی ئێڵ های لێس رۆس، ڤینسێنت ژینبرون بە ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج کە سووتانی ماڵەکەی لێکەوتەوە.
ژینبرون لە هەژماری خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوە کرد کە ماڵەکەی بە ئۆتۆمبێلێک کراوەتە ئامانج و خانووەکەی بە تەواوی سووتاوە و، گوتی: ''بکوژان. منداڵەکان و خێزانەکەم لەسەر شەقامن و بریندارن''.
لە لایەکی دیکەوە، لە پاریس و شاری مارسیلیا، خۆپیشاندانەکان بە توندی بەردەوامە.
لە فەڕەنسا کە تاڵانی و بڕین ناوبە ناو روو دەدات، پۆلیس بە توندی رووبەڕووی خۆپیشاندان دەبێتەوە و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەریش بە قورسی برینداربوون.
لەو دیمەنانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە، کەسێک کە رووبەڕووی لێدانی توندی پۆلیس بووەتەوە، هەستی لەدەستداوە و لەسەر زەوی کەوتووە.
هەروەها لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە ئاگرێکی گەورە پاریسی گرتووەتەوە.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، جیراڵد دارمانین، لە تویتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەو خۆپیشاندانانەی لە ئێوارەوە تا ئێستا دەستیان پێکردووە، ٤٢٧ کەسیان دەستگیرکردووە.
- خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا
لە ٢٧ی حوزەیراندا، لە شاری نانتیری پۆلیسی فەڕەنسا تەقەی لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە سێ کەسی تێدابوو، لە ئاکامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە کەسێکی ١٧ ساڵان بوو بە ناوی نائل م. گیانی لەدەستدا.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر کوژرانی ئەو گەنجە، لە چەند شارێکی جیاوازی وڵاتەکە خۆپیشاندان دەستی پێکرد.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاردرا بە دوور خستنەوەی ئەو پۆلیسەی کوڕەکەی کوشتبوو و هەروەها دادگایی کردنی بە دەستبەسەرکراوی، بەڵام رەوشەکە هێورنەبووەتەوە.
بەهۆی روودانی تاڵان و لەو شارانەی خۆپیشاندانەکانیان تێدا بەڕێوەدەچێت، لە ١٠ شار لە کاتژمێر ٢١:٠٠ەوە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە.