Hemin Hüseyin,Hejar Reşit
22 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2016
کەرکووک - AA
دوێنێ چەکدارانی داعش لە چەند قۆڵێکەوە ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە رۆژئاوای کەرکووک و توانییان خۆیان بگەیەننە ناو باڵەخانەی پێشووی پۆلیسی کەرکووک و دواتریش چەند چەکدارێک گەیشتنە ناو وێستگەی کارەبای قەزای دووبز و شەڕ لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی داعش رووی دا و بەو ھۆیەوەشەوە ژمارەیەک هاووڵاتی شەھید و بریندار ھەبوون.
ئەمڕۆش لە گوندی یارمجەی سەربە شارەدێی لەیلان لە پارێزگای کەرکووک، شەڕ لە نێوان چەکدارانی داعش و ھێزە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنیی پارێزگاکە، گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش ویستوویانە فشارەکانی سەر شاری مووسڵ کەم بکەنەوە و بەو ھۆیەوەشەوە ھێرشیان کردووەتە سەر شاری کەرکووک.
رۆژی ١٧/١٠/٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەورووبەری مووسڵ دەستی پێکرد و سوپای عێراق و پێشمەرگە توانییان رووبەڕێکی فراوان لە ژێر دەستی داعش رزگاربکەن و تاوەکو ئێستاش ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە.