Zana Natık Kerem
26 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە دووبارە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بە ئاراستەکردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کرایە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیان ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد کردووە و دەنگۆی ئەوە هەیە کە هێرشەکە ڕاستەوخۆ ئامانجەکەی پێکاوە.
تا ئێستا ھیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ھێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەو ھێرشانە لەلایەن گرووپێک بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق نزیک لە حەشدی شەعبی ئەنجامدەدرێن و بەرپرسیارییەتی هێرشەکانیش لە میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاو دەکرێنەوە.
لە ١٧ی ئەم مانگەوە تا ئێستا، بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامییەوە لە عێراق، ئەمە ١٥هەمین جارە بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکرێنە ئامانج کە بەھۆیەوە ٢٤ سەرباز برینداربوون و ھاووڵاتییەکی ئەمریکی کە وەک بەڵێندەر لە بنکەی تەنەف لە سووریا کاری دەکرد، گیانی لەدەستداوە.
لەو ١٥ ھێرشەدا، دە ھێرشیان بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد و سێ دیکەشیان بۆسەر بنکەی تەنەف، یەکێکی دیکەیان بۆسەر خەراب ئەلجیر، ھەروەھا ھێرشەکەی دیکەیش بۆسەر بنکەی هەریر ئەنجامدراون.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەنجامدانی ھێرشەکان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لە وەڵامی ئەو ھێرش و بۆردومانانەیە کە سوپای ئیسرائیل لە حەفتی ئەم مانگەوە بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامی دەدەن.
لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، ترسی ئەوە ھەیە کە شەڕەکەی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە ناوچەکە فراوانتر بێت.
یەکەم ھێرشی لە ١٧ ی ئەم مانگە لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆسەر بنکەی تەنەف لە سووریا کە ھێزەکانی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون، ئەنجامدرا، ھەروەھا لە ھەمان ڕۆژدا،بە دوو ھێرشی جیا لەڕێگای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەکەوە، لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی هێرشکرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد.
لە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، لەڕێگای ئاراستەکردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە، ھێرشکرایە سەر بنکەی ھەریر لە پارێزگای ھەولێر کە ھێزەکانی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراوە.
ھەر ھەمان ڕۆژ، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکەی سەر بنکەی ھەریر ڕاگەیاند.
دوای ئەوە لە ڕۆژی ١٩ی مانگ تا ئێستا دە ھێرش لەڕێگای ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامییەوە، بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد ئەنجامدراون.
دوێنێ چوارشەممە، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، پاتریک رایدەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسى ھێرشی سەر بنکەکانی ھێزەکانیان لە عێراق و سووریا کرد و ڕایگەیاند: "لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ١٣ جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بە جۆرێک لە عێراق دە جار و لە سووریاش سێ جار".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ھێرشەکان لە لایەن ئێران و سوپای پاسدارانەوە پێشتیوانیان لێ دەکرێت، گوتی: "ئەگەری ئەوە دەدەین کە لە داھاتوودا ھێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران و بە گشتی ئێران خۆی، بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە زیاد بکات".
گوتەبێژی پێنتاگۆن جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوا لە خۆی، ئامادەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و کارمەندانی خۆی لە ناوچەکە.
ھاوکات بەپێی ئەوەی لە میدیاکانی ئەمریکادا بڵاوکراوەتەوە، کە بەھۆی ھێرشەکانەوە، ٢٠ سەربازی ئەمریکا لە بنکەی تەنەف برینداربوون، ھەروەھا ھاووڵاتییەکی ئەمریکی کە وەک بەڵێندەر لە بنکەکە کاری دەکرد، گیانی لەدەستداوە.
میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەیشداوە، لە ئاکامی ھێرشەکانی سەر بنکەی عەین ئەسەد، چوار سەربازی ئەمریکا برینداربوون.
ناوە ناوەش مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکرێن.
بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری ڕومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار و یەکێکە لەو بنکانەی کە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون.
لەئێستادا، دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار، بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و بنکەی هەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و جێگیرکراون.
ھەروەھا بەپێی زانیارییەکان لەئێستادا، سێ ھەزار سەربازی ئەمریکا لە بنکەکانی رومێلان، مەبروکە، خەراب ئەلجیر ، عەین عیسا، عەین عەرەب، شەدادی، تەل ئەبیەز، تەل بەیدەر و تەنەف لە سووریا جێگیرکراون.
ــ ھەڵوێستی حکوومەتی عێراق لەبارەی بوونی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسول ڕایگەیاندووە، ھێرشکردنە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی عێراق کە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایاندا جیگیرکراون و ڕەتدەکەنەوە و ئاماژەی بەوەیشداوە کە لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەدا، بێ دەنگ نابن.
ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، لیوا یەحیا ڕەسول لەبارەی ئەو ھێرشانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراونەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی ھەریر لە ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدابوو کە بوونی ڕاوێژکارانی سەربە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەسەر داوای حکوومەتی عێراقە، بۆ ئەوەی درێژ بە ئەرکانیان بدەن بۆ پاڵپشتیکردن، مەشق و ڕاھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق".
ڕاشیگەیاندبوو، ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ڕەتدەکەنەوە و گوتبووی: "لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەدا، بێ دەنگ نابین، ھەروەھا درێخی ناکەین لە پاراستنی بارەگاکانی نێردە دیپلۆماتییەکان و بنکە سەربازییەکان".
باسی لەوەیش کردبوو کە فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، فەرمانی بە ھێزە ئەمنییەکانداوە کە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکان و بارەگاکانی نێردە دیپلۆماتییەکان جێبەجێ بکەن و ئەنجامدەرانی ھێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکان دەستگیر بکەن و ڕێگایش بە ھیچ لایەنێک نەدەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیری وڵات بگەیەنن.
سەرباری ئەو ھەڵوێستەی حکوومەتی عێراق، بەڵام ھێشتا، ھێرشکردنە سەر بنکەی عەین ئەسەد بەردەوامە، لە کاتێکدا گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی، بە فەرمی بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکان ڕاگەیاندووە.