Hamza mansur
01 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2016
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەسما ئوسامە عەبدولرەحمان رایگەیاند کە پشكی پارێزگای ئەنبار لە بوودجەی گشتی تەنها لەسەدا 10یە و دەڵێت لەسەدا 70ی ژێرخانی شاری رومادی وێرابووە.
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەسما ئوسامە عەبدولرەحمان لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژێرخانی ئابووری شاری رومادی بەرێژەی 70 لەسەدا وێرانبووە و پرد و نەخۆشخانە و بنكە تەندورستییەكانی شارەكەش رووخاون".
ئەسما ئوسامە عەبدولرەحمان گوتیشی: "ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بەو توانا کەمەی کە لەبەردەستی دایە، ژمارەیەك بنكەی تەندروستی و فەرمانگەی خزمەتگوزاری چاككردووەتەوە بۆ ئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان لە ئاو و كارەبا دابین بكەن بۆئەوەی زۆرترین ژمارە لە ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانیان".
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار باسی لەوەیش کرد کە هەرچەندە بە شەو و رۆژ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان لەو پارێزگایە كار دەكەن، بەڵام بەهۆی شەڕو ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەكان، وێرانكارییەکان گەڵێك زۆرن".
سەبارەت بەپشكی پارێزگای ئەنبار لە بوودجەی گشتییدا ئەسما ئوسامە ئاشكرای كرد، بوودجەی پارێزگای ئەنبار كە لە بوودجەی گشتییدا دیاری كراوە زۆر كەمە و تەنها دەگاتە لەسەدا 10".
بەگوتەی ناوبراو، بوودجەی پارێزگای ئەنبار لەمساڵدا، 65 ملیار دینار بووە كە دەکاتە نزیكەی 55 ملیۆن دۆلار، بەڵام لەو بڕە پارێزگاکە تەنها 6 بۆ 7 ملیاری وەرگرتووە. جەختیش دەكاتەوە کە ئەو بڕە ناتوانێت هەمووی بەسەر ناوچە رزگاركراوەكان دابەش بكرێت و، هەردوو شاری فەللوجە و رومادی گەورەترین ناوچەكانی ئەنبارن و زۆرترین وێرانكارییان بەركەوتووە".
ئەسما ئوسامە دووپاتی كردەوە كە بەهەوڵ و توانای حكوومەتی خۆجێی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، هەوڵدەدرێت زۆرێك لە ناوچە رزگاركراوەكان ئاوەدان بكرێنەوە تا زۆرترین ژمارە لە خێزانە ئاوارەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانیان.