Selçuk Acar,Muhammet Ali Kemal
29 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2017
نیویۆرک- AA
کۆریای باکوور سەرەڕای هۆشدارییە توندەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، تاقیکردنەوەیەکی نوێی مووشەکی بالیستیی ئەنجامدا.
ژاپۆن ئاشکرای کرد کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی نوێی مووشەکی بالیستیی ئەنجامداوە و مووشەکەکە بەسەر وڵاتەکەیاندا تێپەڕیوە.
لە راگەیەنراوێکی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ لەوبارەیەوە، ئاماژە بەوەکراوە ئەو مووشەکە بالیستییەی لە کۆریای باکوورەوە هەڵدراوە، بە کایەی ئاسمانیی ژاپۆندا تێپەڕیوە و ئەوان چاودێریی جووڵەی مووشەکەکەیان کردووە، راشیگەیاندووە ''لەدوای هەڵدانییەوە، حکوومەتی ژاپۆن بە وردیی چاودێریی جووڵەی مووشەکەکەی کردووە و لە پێناو ئاسایشی گەلی وڵاتەکەیدا هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتە بەر. هەڵدانی ئەو مووشەکە، هەڕەشەیەکی ئێجگار گەورەیە لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە''.
شینزۆ ئابێ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لەوبارەیەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ٤٠ خولەکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا ئەنجامداوە و تاوتوێی بابەتەکەیان کردووە.
ئاماژە بەوەشدەکرێت مووشەکە نوێیەکەی کۆریای باکوور دوای ئەوەی بەسەر دوورگەی هۆکایدۆی ژاپۆندا تێپەڕیوە لە دووریی هەزار کیلۆمەتر لە وشکانیی لە زەریای هێمندا بووە بە سێ بەشەوە و کەوتووەتە خوارەوە.
لای خۆیشییەوە سکرتێری کابینەی حکوومەتی ژاپۆن، یۆشیهیدە سوگا ئاماژەی بەوەکرد ئەو مووشەکەی کۆریای باکوور هەڵیداوە، هەڕەشەیەکی جددییە و لە کاتێکی گونجاودا وەڵامێکی توندی دەدرێتەوە.
هاوکات لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن کۆریای باشوورەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوەکراوە، مووشەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٦:٠٦ هەڵدراوە و گەیشتووەتە بەرزایی ٥٥٠ کیلۆمەتر و دوو هەزار و ٧٠٠ کیلۆمەتری بڕیوە.
لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (گوتەبێژی پنتاگۆن)، عەمید رۆب مانینگ ئێوارەی دووشەممە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ''سەرگەرمی هەڵسەنگاندنی ئەو مووشەکەین کە کۆریای باکوور هەڵیداوە. ناتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە کە ئەو مووشەکەی بەسەر ژاپۆندا تێپەڕیوە لە لایەن کۆریای باکوورەوە هەڵدراوە. لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی هەڵدانی مووشەکەکەداین''.
رۆب مانینگ جەختی لەوەشکردەوە تاقیکردنەوەکەی کۆریای باکوور هەڕەشەیەکی هەنووکەیی نییە لەسەر ئەمریکا.