Hakan Çopur
19 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2024
واشنتۆن - AA
میدیای ئەمریکی لەو هەواڵانەی بە پشت بەستن بە زانیاری بەرپرسانی ئەمریکی بڵاویکردوونەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل هێرشێکی بۆ سەر خاکی ئێران ئەنجامداوە.
سەرەتا کەناڵی ABC Newsی ئەمریکی لە هەواڵێکیدا لە بارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بە پشت بەستن بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دواتر لەلایەن CBS News و CNNەوە بڵاوکرایەوە.
بەپێی ئەو هەواڵەی بە پشت بەستن بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە بڵاوکراوەتەوە کە ناویان بڵاونەکراوەتەوە، ئیسرائیل سپێدەی ڕۆژی هەینیی هێرشێکی پێچەوانەی بۆ سەر بە ئێران ئەنجامداوە.
هەروەها ABC News بڵاویکردەوە کە ئەو بانگەشانەی باس لە هێرشی هاوکاتی ئیسرائیل دەکەن بۆ سەر هەندێک ناوچە لە سووریا و عێراق پشتڕاست نەکراونەتەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە قسەی بۆ CNN کردووە، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە حکوومەتەکەی بایدن گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵنەکردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە پێچەوانەیە بۆ سەر ئێران و، ئەمریکا خوازیاری پێکدادانێکی گشتگیر نییە لە ناوچەکەدا.
- ئیسرائیل پێش هێرشەکە ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە
بەرپرسە ئەمریکییەکە باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل ڕۆژی پێنج شەممە پێش هێرشەکە هەواڵی داوە بە ئەمریکا لە بارەی ئەوەی هێرشێکی پێچەوانەی سنووردار بۆ سەر ئێران ئەنجام دەدات، بەڵام واشنتۆن پشتیوانی لەم هێرشە نەکردووە.
هاوکات بەرپرسەکە باسی لەوە کرد کە ئەو ناوچەیەی لە هێرشەکەدا کراوەتە ئامانج بنکەی ئەتۆمیی لێ نەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پنتاگۆن هێشتا ئەم هێرشەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئەسفەهان کە میوانداری بنکەی هێزەکانی ئاسمانیی ئێران دەکات، دەنگی تەقینەوە هاتووە.
تەلەڤيزیۆنی فەڕمی ئێران، لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاند: "سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بە بیستنی دەنگی تەقینەوەی تاڕادەیەک بەهێز دەکەن لە پارێزگای ئەسفەهان. هێشتا نازانرێت سەرچاوەی ئەم دەنگە چییە".
ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەڕمی ئێران فارس، لە هەواڵێکدا کە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ناوخۆییەکان بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە لە شاری قەھجاوەرستان دەنگی دەقینەوەیەک بیستراوە.
لە کاتێکدا ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە کە هێشتا هۆکاری ئەم دەنگانە نازانرێت، باسی لەوە کردووە کە شاری قەھجاوەرستان دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی ئەسفەهان و هەشتەمین بنکەی هێزەکانی ئاسمانی سوپا.