Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، جێمس جێفری.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و سووریا و گرنگی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە جێمس جێفری جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان کردووەتەوە رایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان بەهۆی هەمەڕەنگی و زیندوویێتی و دۆستایەتییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، پێگەیەکی گرنگ و ستراتیجی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
راشیگەیاندووە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تیشکی خستووەتە سەر دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال و ئاماژەی بەوەداوە کە پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور.
مەسرور بارزانی هەروەها جەختیشی کردووەتە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و دەستدرێژی و هەڵکوتانە سەر موڵک و زەوی دانیشتوانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕیووە.