Adem Balta
28 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2020
پەرلەمانی تورکیا- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتی لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و لە بارەی کردنەوەی دۆسیەی یاسایی لەسەر گۆڤاری شارلی ئێبدۆ فەڕەنسی رایگەیاند "وەک چۆن لە ناوخۆی تورکیا لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە، ئاواش لە فەڕەنسا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش چاودێری رەوشەکە دەکەین".
مەولود چاوشئۆغڵو لە بارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا تورکیا باڵیۆزەکەی لە فەڕەنسا بانگێشت دەکاتەوە یان نا، گوتی: "پێویست بە بانگێشتکردنی باڵیۆزەکەمان ناکات. خۆمان بەردەوام لەڕێی تەلەفۆنەوە لە پەیوەندیداین. لەئێستادا نیازی گێڕاندنەوەی باڵیۆزەکەمان نییە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پەلامارەکانی سەر شاری ئیدلب ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی ئیدلب، ناوچەی قارەباغ و چەند بابەتێکی دیکە پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و بەهەمان شێوە سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەربارەی ئەم بابەتانە پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.