Hemın Othman Mohammed
09 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2016
نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا میكائیل بۆگدانۆڤ، لەگەڵ هاوسەرۆكی پەیەدە ساڵح موسلیم كۆبووەوە.
بەپێی روونكردنەوەیەكی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە كۆبوونەوەكەدا كە دوێنێ دووشەممە بەڕێوەچووە، گفتوگۆ كراوە لەسەر پێشهاتەكانی سووریا و كۆبوونەوەكانی سووریا كە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوە دەچێت.
بۆگدانۆڤ، بەپێویستی زانیوە كە هەموو لایەنەكان بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكەن و لە گفتوگۆكاندا و لە پاڵ حكوومەتی سووریادا تەواوی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو وڵاتەش بە كوردەوە بەشداربن تیایدا.