Abdulhameed Husseın Karam
03 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2023
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازی لێکرا.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا دەربارەی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێم، پەیوەندییەکان و گفتوگۆی ھەولێرـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق و دوایین پێشھات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە ھەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و پتەوکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی نێوانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی عێراق و فەرەنسادا کردەوە، ھەروەھا ھاوڕا بوون کە پێویستە لە دۆخی ئالۆزی ناوچەکەدا، ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت و لێکگەیشتن و گفتوگۆی چارەسەکردنی کێشەکانی ھەولێرـبەغدا بەردەوام بێت.
ھەروەھا لە راگەیەنراوەکەدا باسی لەوەیش کراوە دەربارەی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی ھەوڵەکان بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی شەڕ و پاراستنی خەڵکی سڤیل و گەیشتنی ھاریکاریی مرۆیی بە لێقەوماوان کردەوە و ھاوڕا بوون کە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە، ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
دوایین پێشھاتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش، پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.