Hemin Hüseyin
09 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2016
هەولێر-AA
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ توانی بەسەر هیلاری کلینتۆنی تاکە رکابەرەکەی سەرکەوێت و بەمەش لە ساڵی داهاتوودا دەبێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەم بۆنەوەیەش سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ترەمپ کرد.
لە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "بەبۆنەی ھەڵبژاردنی وەک سەرکۆماری داھاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ناوی خۆم و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە بەڕێز دۆناڵد ترەمپ دەکەم و ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "ئەم ھەڵبژاردنەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئێمە سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانین لە مووسڵ و دەوروبەری بۆ بنەبڕکردنی تیرۆریستانی داعش، خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش ئاگاداری ئەوەن کە پێشتر بەڕێز ترەمپ لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیی خۆی بۆ ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دووپات کردبووەوە و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو پشتیوانییە دەکەن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە هاوپەیمانییەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و لە بەشی کۆتایی پەیامەکەشدا هاتووە: "ھاوپەیمانییەکی بەھێز لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و توندڕەوی، لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ھەر کار و ئەرکێکی ھاوبەش لەگەڵ ئەو ھاوپەیمانە ئەنجامی بدات. لەوبارەیەوەش بەپەرۆشەوە پێشوازی لە سەردانی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ ھەرێمی کوردستان دەکەین".