Aşkın Kıyağan
14 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2023
ڤییەنا- AA
نەمسا ١٠ سەرباز دەنێرێت بۆ نێردەی راهێنان و راوێژکاری ناتۆ لە عێراق بۆ ئەوەی بەشداربن لە بوارەکانی وەک پاراستنی سەقامگیریی لە وڵاتەكه، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کۆچی نایاسایی.
وەزارەتی دەرەوەی نەمسا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە نەمسا وێڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆ نییە، بەڵام ١٠ سەرباز رەوانەی بنکەی هاوپەیمانییەکە لە عێراق.
وێڕای ئاماژەدان بەوەی عێراق رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئاسایشی عێراق راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەورووپا و نەمسا هەیە.
ئەوەش هاتووە، نەمسا بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ عێراق و هاتووە: "بە بەشداریکردنمان لە کارەکانی راوێژکاری، مەشق و راهێنانی ناتۆ، پشتیوانی لە هاوپەیمانە عێراقییەکانمان دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کۆچی نایاسایی".
- نەمسا باڵیۆزخانە لە بەغدا دەکاتەوە
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە وەزیری دەرەوەی نەمسا، ئالێکساندەر شالێنبێرگ، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە تا کۆتایی ئەمساڵ سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق ئەنجامدەدات و باڵیۆزخانەی نەمسا لە بەغدا دەکاتەوە.
نەمسا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم هەمیشە لەسەر بنەمای بێلایەنی کار دەکات و راستەوخۆ نابێتە ئەندامی هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازیی یان لایەنێکی راستەوخۆ لە ململانێ سەربازییەکاندا.
بەڵام سوپای نەمسا تا ئێستا ئەرکی جۆراوجۆری لە "هاوپەیمانی لەپێناو ئاشتی" ئەنجامداوە کە لە ساڵی ١٩٩٤دا لەلایەن ناتۆوە دامەزراوە.
بۆ ناردنی سەربازیش بۆ بنکەی ناتۆ لە عێراق، رۆژی ٢٢ی حوزەیران، پەرلەمانی نەمسا دانیشتنێک ساز دەکات و ئەگەر بڕیارەکە پەسەند بکرێت ئەوا سەربازەکان دەنێردرێنە عێراق.