Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
02 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2017
واشنتۆن - AA
بەپێی داتاکاکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە دەستپێکی دەستکردنی بە هێرشە ئاسمانییەکان لە مانگی ئابی ساڵی 2014ەوە تاوەکو مانگی شوباتی رابردوو، بووەتە هۆی ''بەهەڵە'' کوژرانی 229 هاووڵاتیی سڤیل.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی بڵاوکردەوە کە لە مانگی شوباتدا لەئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە هەریەک لە عێراق و سووریا کوژراون.
بەپێی ئامارەکانی فەرماندەییەکە، لەو رۆژەوەی شەڕی دژی داعش دەستیپێکردووە تا کۆتایی مانگی شوبات، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ''بەهەڵە'' بووەتە هۆی کوژرانی 229 هاووڵاتیی سڤیل.
لەهەمان ماوەدا، 18 هەزار 645 هێرشی ئاسمانییان لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە و هەواڵی ئەوەشیان پێگەیشتووە کە لەئەنجامی هێرشەکاندا، 396 هاووڵاتیی بێسەروشوێن بوون. بەڵام لەو 396 حاڵەتە تەنها 102یان ''متمانە پێکراو'' بوون و کۆی گشتیی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کوژراون، 229 کەسە. لە راپۆرتی مانگی پێشتری فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکادا، ئەو ژمارەیە 220 کەس بوو.
- ئامارەکانی پنتاگۆن ئەوە نیشاندەدەن کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی 9 هاووڵاتیی ''بەهەڵە'' کوشتووە
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راپۆرتی مانگی شوباتی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەکەمی 2016دا تاوەکو رۆژی 18ی شوبات 2017 کە بەشی خۆرهەڵاتی شارەکەی تێدا ئازادکرا، 37 هەواڵی بیسەروشوێن بوونی هاووڵاتییانی سڤیلیان پێگەیشتووە، بەڵام تەنها 5یان ''متمانە پێکراو'' بوون و کۆی گشتیی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی لەئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکاندا ''بەهەڵە'' کوژراون، بریتییە لە 9 کەس.
باس لەوەشکراوە لێکۆڵینەوە لەو 43 راپۆرتە دەکرێت کە لە هەریەک لە مووسڵ، تەبقە، منبج و رەققە، باس لە بوونی کوژراو لە ریزەکانی هاووڵاتییانی سڤیلدا دەکەن.
هاوکات پێنتاگۆن ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە لێکۆڵینەوەی ئیداری لەو هێرشانە دەستیپێکردووە کە رۆژی 17ی ئاداری رابردوو لە گەڕەکی مووسڵ جدیدە خۆرائاوای مووسڵ بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی 200 هاووڵاتیی سڤیل.
راپۆرتەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی هەموو دەنگۆکانی بوونی قوربانی لە ریزەکانی هاووڵاتییانی سڤیلدا بە وردیی و لە نزیکەوە چاودێریی دەکات و بەتایبەت ئەوانەی کە لە سەرچاوە متمانەپێکراوەکانەوە دێن، بەشێوەیەکی خێرا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت. ئەمە جگە لەوەی هاوپەیمانێتییەکە ''بەمەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ریزی هاووڵاتییاندا گیان لەدەست دەدەن بۆ نزمترین ئاست، لە کاری هەستیاری بەردەوامدایە''.
لە راپۆرتەکەدا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی لە مانگی ئاداری رابردوودا کوژراون بڵاونەکراوەتەوە بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرنجە زۆریی ژمارەی هەواڵی ''بوونی کوژراوە لە ریزەکانی هاووڵاتییان لە سەرچاوە متمانە پێنەکراوەکانەوە''.
- سەرچاوە سەربەخۆکان ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەی ئەو سڤیلانەی کوژراون زۆر زیاترن
لەبەرامبەر ئەمەدا سەرچاوە خۆجێییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لە نزیکەوە چاودێریی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە هاووڵاتییانی سڤیل لەئەنجامی هێرشەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا لە عێراق و سووریا، کوژراون.
لە ماڵپەڕی Airwars دا کە پشتی بە سەرچاوە خۆجێییەکان لە عێراق و سووریا بەستووە بۆ کۆکرنەوەی زانیارییەکانی، ئاماژە بەوەکراوە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە تا ئێستا لە جەنگی دژی داعشدا، 2 هەزار و 831 هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە کوژراون.
هەفتەی رابردوو فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ستیفن تاونسێند لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ژمارەی قوربانییان لە ریزەکانی هاووڵاتییانی سڤیلدا لە هەریەک لە خۆرئاوای مووسڵ و سووریا لەماوەی رابردوودا، رایگەیاندبوو ''لەکاتێکدا کە داعش هاووڵاتییانی سڤیل دەکوژێت، سەرم لەوە سووڕماوە کە میدیا ئەوەندە بایەخ بەو هاووڵاتییە سڤیلانە دەدات کە لەئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکادا دەکوژرێن".