Ramal Mahmood
21 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2016
ئەو ٢٠ بارهەڵگرەی لەمیانەی هەڵمەتێکی هاوکاری مانگی سووری تورکیا ٥٠٠ تۆن هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی مووسڵ کۆکردووەتەوە لە ئەنقەراوە بەڕێ کران.
مانگی سووری تورکیا لە قۆناغی یەکەمی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بەناوی "مووسڵیش زێدی تۆیە" ٥٠٠ تۆن کەلوپەل و پێداویستی کۆکردەوە و لە رێگەی ٢٠ بارهەڵگرەوە بەبەشداری سەرۆکی گشتیی مانگی سووری تورکیا کەرەم کنک و بەرپرسانی دیکە لە رێورەسمێکدا بەرەو ئەو ناوچانە بەڕێ کران کە خەڵکی مووسڵ پەنایان بۆ بردوون.
لەمیانی رێورەسمەکەدا کنک وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر مووسڵ بۆ پاکردنەوەی ناوچەکانی مووسڵ و تەلەعفەر لەداعش پێویستی بەهاوکاری مرۆییە. نزیکەی دوو ملیۆن کەس ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگە لە ژێر گوشاری رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەژین. سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە رێکخراوی تیرۆریستی دەکاتە ئامانج بۆیە پێویستە ناوچە سیڤیلنشینەکان بپاریزرێن. ئەوەیشی خستە روو کە هەر لە رۆژی یەکەمی دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە سەردانی ناوچەکەی کردووە و بەهۆی لەنزیکەوە ئاگاداربوون و پەیوەندیکردن بەلایەنە پەیوەندیدارەکانەوە توانیان قەوارەی ئەو قەیرانە مرۆییە بزانن.
کنک، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی مووسڵ و تەلەعفەر هەیە، گوتی: "دووچاری رەوشێک بووینەتەوە کە ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت ئەگەری هەیە ببێتە هۆی شەپۆلی کۆچکردنی خەڵکی بەڕیژەیەکی زۆر. بۆ ئەوەی پێشبگرین بەوەی خەڵک ناچار نەبێت کۆچ بکات و پێداویستییە مرۆییەکانیان بۆ دابین بکەین وەکو مانگی سووری تورکیا و بەڕێوەبەرایەتی دۆخی کارەساتی سرووشتی و باری لەناکاو کۆمەڵیک رێوشوێنمان گرتەبەر. لەو میانەیەدا وەک سەرەتا پێداویستی مرۆیی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ٥-٦ هەزار کەس دەنێرین کە لە گوندەکانی دەوروبەری مووسڵەوە کۆچیان کردووە. لە ناوچەکە هاوڕێکانمان پێشوازی لە بارهەڵگرەکان دەکەن و هاوکارییەکە دابەش دەکەن بەسەر کۆچبەراندا.
کنک ئاماژەی بەوە دا بەهۆی کۆچکردنی رێکنەخراو و بەرنامە بۆ دانەنراو کۆچبەران هیچیان لەگەڵ خۆیان نەبردووە و ناچار بوون کۆچ بکەن، جەختی لەوەش کردووە کە پێویستە لەسەرەتادا پێداویستی خواردن و جێی مانەوە و جلوبەرگیان بۆ دابین بکرێت. گوتی: "لە قۆناغی یەکەمدا ناردنی ٥٠٠ تۆن هاوکاری مرۆیی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی بەپەلەی کۆچبەرانە. ئەگەر لە قۆناغی داهاتوودا شەپۆلی کۆچکردن گەورەتر ببێت ئێمە بەگوێرەی ئەوە خۆمان ئامادە دەکەین. لەو چوارچێوەیەدا پلانی ب و ج یمان هەیە بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دۆخی کارەساتی سرووشتی و باری لەناکاو کەمپمان کردوونەتەوە کە جێگەی ٢٠ هەزار کۆچبەر دەبنەوە. ئەگەر پێویست بکات جێگای کۆچبەری زیاتر دەکەینەوە و کەمپی نوێ دروست دەکەین. پلانە لۆجیستییەکانیشمان هەیە. بەردەوامیش دەبین لە ئامادەکارییەکانمان بۆ قۆناغی داهاتوو".
کنک سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا بەهۆی رووداوەکانی مووسڵ وتەلەعفەر پێدەچێت شەپۆلی کۆچکردن زۆرترین کاریگەری بکاتە سەر تورکیا و بەهۆی هاوکاریکردنی خێرخوازن قۆاناغی یەکەمی هەڵمەتەکەیان سەرکەوتووانە بەڕێوەچووە. دامودەزگا خێرخوازییەکانیش بە بڕی پارەی نەختینە یاخوود هاوکاریی مرۆیی بێت هاوکاری خەڵکی ناوچەکە دەکەن.