Utku Şimşek
17 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2026
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: "داوا لە یۆنان دەکەین پابەندی ئەو ئەرکانە بێت کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە و، خۆی بەدوور بگرێت لە ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی لەو دوورگانەی پێگەی ناسەربازییان هەیە و لەگەڵ ئەم پێگەیەدا یەکناگرنەوە".
پاش کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەبارەت بە هاوپەیمانی بەرگریی مەککە، وەزارەتەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێککەوتننامەکە لەسەر بنەمای پەیوەندیە دێرینەکان و هاریکاریی بەرگریی نێوان تورکیا، پاکستان و سعوودیە داڕێژراوە و پشتی بە بنەمای بەرگریی و بەرپەرچدانەوەی بەکۆمەڵ بەستووە و، ڕایگەیاند: "وەک چۆن ڕێککەوتننامەکە دژبە هیچ وڵاتێک نییە، بە هەمان شێوە نابێتە جێگرەوە بۆ پەیوەندیە بەردەوامەکانی وڵاتانی ئەندام لەگەڵ وڵاتانی سێهەمدا. لەم چوارچێوەیەدا چالاکییەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی هاریکاریی سەربازی، زیادکردنی توانای کارکردنی پێکەوەیی و بەهێزکردنی توانای بەرگریی، بە هەماهەنگی لە نێوان هەر سێ وڵاتدا بەڕێوەدەچن و کارەکانی پەیوەست بە بەدامەزراوەیی کردنی هاوپەیمانییەکەش بەردەوامن".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد لە نزیکەوە چاودێری سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی یۆنان میچۆتاکیس بۆ دوورگەی مەیس کردووە و، ڕایگەیاند: "جێگیرکردنی هێزی سەربازی و کەشتی جەنگی لە دوورگەکە پێشێلکردنی پەیماننامەی پاریسە (١٩٤٧) کە پێگەی ناسەربازیی بۆ دەستنیشان کردووە. تورکیا هەرگیز دروستکردنی ئەمری واقیع لە مەیس قبووڵ ناکات و وێڕای داکۆکی کردن لە دیالۆگ لە دەریای ئیجە و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، داوا لە یۆنان دەکەین پابەندی ئەو ئەرکانە بێت کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە و، خۆی بەدوور بگرێت لە ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی لەو دوورگانەی پێگەی ناسەربازییان هەیە و لەگەڵ ئەم پێگەیەدا یەکناگرنەوە. تورکیا پێداگرانە ماف و بەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت".