Muhammet Ali Kemal
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2016
وەزارەتی دادی ئەمریكا نووسراوێكی سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەی لە داواكردنی هاوكاریی لە كۆمپانیای ئەپڵ لە كەیسێكی ماددەی هۆشبەردا، ئاراستەی دادگا كرد، لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە لە كەیسی جون فێنگدا كە لە نیویۆرك بەڕێوەدەچێت و بەمەبەستی شكاندنی وشەی نهێنی سەر ئایفۆنی ناوبراو، داوایان لە كۆمپانیای ئەپڵ كرد هاوكارییان بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی وشە نهێنییەكە لەلایەن كەسێكەوە دەستەبەركراوە، چیتر پێویستییان بە هاوكاری كۆمپانیاكە نییە.
لەو بارەیەشەوە وەزارەتی داد روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە ''وشەی نهێنی سەر ئایفۆنەكەی فێنگ لەچوارچێوەی كەیسەكەدا، لەلایەن كەسێكەوە دەستەبەر كراوە. دوای ئەوەی وشەكە بەكارهێنرا، توانرا دەست بە زانیارییەكانی نێو ئایفۆنەكە بگات و لەبەر ئەوەیش چیتر پێویستمان بە هاوكاریی ئەپڵ نەماوە. هەر بۆیە داواكارییەكەمان لەو بارەیەوە لە دادگا دەكشێنینەوە''.