Hakan Çopur
09 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2022
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی لە وەڵامی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین-دا کە رایگەیاندبوو قبوڵی ئەو هەڵسەنگاندنە ناکات کە دەڵێت ناتۆ ''بەرگریکار'' و رووسیا ''شەڕانگێزە''، رایگەیاند ''ناتۆ هەمیشە رێکخراوێکی بەرگریی بووە. ئەوەی دەیان هەزار سەربازی لە سنوور جێگیرکردووە ناتۆ نییە، بەڵکو رووسیایە''.
جێن ساکی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، بەرپەرچی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین-ی دایەوە کە دوێنێ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رەخنەی لە ئەمریکا و ناتۆ گرتبوو.
گوتەبێژی کۆشکی سپی بە بیرهێنانەوە لێدوانەکەی سەرۆکی رووسیا کە رایگەیاند بوو ''ئەمریکا و خۆرئاوا هەوڵ دەدەن ئێمە قایل بکەن بەوەی ناتۆ رێکخراوێکی بەرگریی ئاشتیخوازە، وڵاتانی وەک عێراق و لیبیاش وەک نموونەی پێچەوانە دەهێننەوە'' باسی لەوە کرد کە ناتۆ رێکخراوێکی ئاسایشی بەرگرییە.
گوتیشی: ''ناتۆ هەمیشە رێکخراوێکی بەرگریی بووە. ئەوەی دەیان هەزار سەربازی لە سنوور جێگیرکردووە ناتۆ نییە، بەڵکو رووسیایە. ئێمە پشتیوانییەکانمان بۆ هاوبەشەکانمان (لە ناوچەکەدا) زیاد دەکەین. ئەوان (رووسەکان) دەتوانن گرژییەکان کەم بکەنەوە، هیوادارم وا بکەن''.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی باسی لەوە کرد کە پرۆژەی تەوژمی باکووری ٢ کارتێکە دژبە مۆسکۆ و پێویستە باش بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی رووسیا، ئۆکراینا داگیر نەکات.
جێن ساکی ئاماژەی بەوەیش کرد کە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کە پێشتر خوازیاربوون سزا بەسەر پڕۆژەکەدا بسەپێنن هاوڕا نەبوون و باشترە ئەو کارتە بەکاربهێنرێت دژبە مۆسکۆ بۆ ئەوەی ئۆکراینا داگیر نەکات.
گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئەڵمانیا لەبارەی پرۆژەکە هەمان لێدوانی ئەمریکای بەکارنەهێناوە رایگەیاند ''ئەو پرسیارە لە راوێژکاری ئەڵمانیا بکەن، ئێمە لەسەرەتاوە گوتومانە کە پرۆژەکە پرۆژەیەکی دروست نییە''.