Sinan Doğan
10 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2023
بۆگۆتا-AA
لە بەرازیل ١٢٠٠ لایەنگری سەرۆکی پێشووی به‌ڕازیل، جایر بۆڵسۆنارۆ، کە دوای ئەوەی لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی برده‌وه، لە بەردەم بارەگاكانی سوپادا خێوه‌تیان هه‌ڵدابوو، دەستگیرکران.
به‌پێی ئەو هەواڵانەی لە رۆژنامەكانی وڵاته‌كه‌دا بڵاوکراونەتەوە، هەزار و ٢٠٠ لایەنگری بۆڵسۆنارۆ دوای سەرکەوتنی لولا لە هەڵبژاردنەکاندا له‌به‌رده‌م باره‌گاكانی سوپادا خێوه‌تیان هه‌ڵدابوو، بێ دەستوەردانی پۆلیس خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد.
ده‌ستگیركراوه‌كان به‌مه‌به‌ستی لێپرسینەوە له‌گه‌ڵیاندا، گەیەندرانه بنكه‌كانی پۆلیس.
دوای ئەوەی خۆپیشاندەران ناوچەکەیان جێهێشت، خێوهتهكان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هه‌ڵگیران.
دادوەری دادگای باڵا، ئەلێکساندەر دی مۆرایێس، له لێدوانێكدا هۆشداریی دابوو لەوەی ئەگەر بێت و ئەو خێوه‌تانه‌ی لەبەردەم بارەگاكانیی سوپا دانراون جارێكی دیكه دابنرێنه‌وه، ئەو بەرپرسانەی سوپا کە رێگەیان به‌و كاره داوه، دەدرێنە دادگا.
به‌رپرسی ئاسایشی فیدراڵی، ریکاردۆ کاپێڵی، ئاشكرایكرد خێوهتهكان بێ ئه‌وه‌ی هێز به‌كاربهێنرێت، چۆڵکراون و رایگه‌یاند: "رێگە نادەین هیچ كارێكی دژی سەروەری یاسا و دیموکراسی بەردەوامبن".
- لولا سەردانی ئەو باڵەخانانەی کرد کە هه‌ڵكوترایه سەریان
هاوكات سەرۆکی به‌ڕازیل، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا سەردانی هه‌ریه‌ك له کۆشکی سەرۆکایەتی، په‌رله‌مان و دادگای باڵای فیدراڵی کرد به‌مه‌به‌ستی لێکۆڵینەوە لەو وێرانکارییەی کە دوێنێ بەهۆی لایه‌نگرانی بۆڵسۆنارۆوە روویداوه.
هه‌ریه‌ك له باڵه‌خانه‌كانی کۆشکی سەرۆکایەتی، په‌رله‌مان و دادگای باڵا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و بەشێک لە کەلوپەلەکانیشیان تێكشكێندراون.