Mazın Asad
11 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2017
رۆتەردام - AA
قونسوڵی گشتی تورکیا لە رۆتەردام، سادین ئاییڵدز رایگەیاند وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی تورکیا فاتمە بەتول سایان کایا لەکاتی ھاتنی بۆ ھۆڵەندا ئۆتۆمبێلەکە وەستێنراوە و رێگە بە خۆشی نەدراوە بۆ لای کایا بچێت.
خۆپێشاندانێک لە لایەن تورکەکان دژی ھۆڵەندا لە بەردەم قونسوڵخانی گشتی تورکیا لە رۆتەردام ساز کرا و سادین ئاییڵدز ویستی بۆ لای خۆپێشاندەران بچێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھێزەکانی پۆلیس لە چواردەوری قونسوڵخانەکە بەربەستیان دروستکردووە، نەیتوانی بۆ لای خۆپێشاندەران بێت و بەھۆیەوە بۆ نێو بینای قونسوڵخانەکە گەڕایەوە.
ئاییڵدز لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە دا کە ئۆتۆمبێلی وەزیر کایا وەستێنراوە و گوتیشی: "نازانم بە تەواوی لە کوێی ئۆتۆمبێلەکە وەستێنراوە و دەبینن کە رێگە نادەن بۆ لای بچم".
کەناڵی حکوومی ی ھۆڵەندا رایگەیاند ئۆتۆمبێلی وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی تورکیا فاتمە بەتول سایان کایا لە نزیک قونسوڵخانەکە وەستێنراوە.
رێوشوێنی ئەمنی ھێزەکانی پۆلیسی ھۆڵەندا لە دەوروبەری قونسوڵخانەی تورکیا لە رۆتەردام درێژەی ھەیە و تورکەکانی بەردەم قونسوڵخانەش کاردانەوە بەرامبەر بەو دۆخە نیشان دەدەن و سروودی نیشتمانی تورکیا دەڵێنەوە.
لە لایەکی دیکەوە تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو و کەناڵی تەرەتە کە بۆ روماڵکردنی بەرنامەی وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی تورکیا فاتمە بەتول سایان کایا لەگەڵ کاروانی وەزیرەکە لە ئەڵمانیا بۆ ھۆڵەندا چوون، لە لایەن پۆلیسی ھۆڵەندا نزیکەی کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا و داواش لە رۆژنامە تورکەکان کرا ھۆڵەندا جێ بھێڵن و بۆ ئەڵمانیا بگەڕێنەوە.