Zana Natık Kerem
14 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق، غازی عگێدی راگەیاند كە هێزە ھاوبەشەكانی عێراق لە میحوەرەكانی باكوور و باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ سەركەوتنی زیاتریان لە بەرامبەر داعش بەدەستهێناوە و توانیویانە بارەگای پێشووی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری عێراق و قوتابخانەی فتووە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو غازی عگێدی گوتی: "درەنگانی شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەكانی دژە تیرۆر و فیرقەی ٩ی زریپۆش و پۆلیسی فیدراڵ لە نزیك هەر دوو پردی حوڕییە و كۆن لەسەر رووباری دیجلە لە بەشی چەپی مووسڵ، شەڕێكی قورس و سەختیان دژی تیرۆریستانی داعش كردووە".
غازی عگێدی هەروەها گوتیشی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەو هێزانە توانیان بارەگای پێشووی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری عێراق و قوتابخانەی فتووە لە رۆژهەڵاتی مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكەنەوە".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە لە میانی شەڕ و پێكدادانەكانی شەوی رابردوودا، سێ سەرباز كوژران و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون و هەروەها لە بەرامبەردا داعش زیانی زۆری گیانی و ماددی پێگەیشتووە.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە لە ماوەی ٢٤ی كاتژمێری رابردوودا، هێزەكانی عێراق گەڕەكەكانی مالییە و ئەفسەران باكوور و گەڕەكی سۆمەر رۆژهەڵات و زانكۆی مووسڵ لە گەڕەكی زانكۆ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكردووەتەوە و هەروەها هێرشیانكردووەتە سەر گەڕەكی فەیسەڵییە لە بەشی چەپی شارەكە و توانیویانە بەشێكی گەڕەكە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
لەلایەكی دیكەوە ئەفسەر لە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، موقەدەم كەریم زیاب رایگەیاند "هێزەكانی سوات گەڕەكی یارمجەیان لە باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكردووەتەوە و ئاڵای عێراقییان لەسەر باڵەخانە حكوومییەكانی ناو گەڕەكە بەرز كردووەتەوە".
كەریم زیاب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای شەڕێكی قورس دژبە تیرۆریستانی داعش، هێزەكانی سوات گەڕەكی یارمجەیان كۆنتڕۆڵكردەوە".